زاری كرمانجی:
بانكی ناوەندیی عێراق، وەكو بەشێك لە هەوڵەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، ئەمڕۆ چوارشەممە 22-2-2023 ژمارەیەكی رێكاری نوێی راگەیاند كە دەبنە بەشی دووەمی رێكارەكانی.
لەو رێكارانەی بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاندوون، رێكخستنی پارەداركردنی بازرگانیی دەرەكی لەگەڵ چین بەشێوەیەكی راستەوخۆ، بە بەكارهێنانی دراوی یوانی چینی. ئاماژەی بەوەش كردووە كە دواتر ئاسانكاریی دیكە بۆ ناردنی پارە بۆ ئەمریكا و ئەوروپا بەهەمان میكانیزم دەخرێتەڕوو.
بانكی ناوەندیی عێراق باسی لەوەش كردووە، ئەو بەڵگەنامانەی داوا دەكرێن بۆ حەواڵەكردنی پارە بۆ دەرەوە برییتی دەبن لە لیستی بازرگانی (پسوولە)، یان بەڵگەنامەی بانكی، بەو مەرجەی بریكارەكە دواتر بەڵگەنامەی پێویست پێشكێش بە بانك بكات كە كاڵاكەی هێناوەتە نێو عێراق.
هەروەها ئاسانكاری بۆ بریكارەكانی كۆمپانیاكانی ناردنی پارە دەكرێت وەكو (وێستێرن یونیون و مۆنیگرام)، لە یەكێك لە بانكەكانی عێراق.
خاڵێكی دیكەی رێكارەكان، رێگەدانە بەهەر هاووڵاتییەكی عێراقی لە مانگێكدا بڕی 7500 دۆلار وەكو زۆرترین بڕ لە رێگەی كۆمپانیاكانی حەواڵەكردنەوە، حەواڵە بكات، ئەوەش بە نرخی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێك. بانكی ناوەندی لای خۆیەوە دۆلار بەو نرخە بەو كۆمپانیایانە دەفرۆشێت. بۆ ئەو مەبەستەش بانكی ناوەندی لیستی بریكارە باوەڕپێكراوەكان بڵاودەكاتەوە.
بانكی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەش كردووە، كە شوێنەكانی فرۆشتنی دۆلار لە شارەكاندا زیاد دەكەن و هەوڵ دەدەن لە زۆرترین شارەكاندا هەبێت.