قایمقامی قەزای مێرگەسۆر :” مێرگەسۆر لە رووی خزمەتگوزارییەوە بووژانەوەییەكی زۆری بە خووەوە بینیووە”
مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی :
رێكەوتی 14 ـ 9 ـ 2021 لە مەراسیمێكدا لە قەزای سۆران بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیەندرا و هەڵگورد شێخ نەجیب كە ئەو كات قایمقامی قەزای سۆران بوو وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیاركرا و لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە نامەی دەستبەكاربوونی پێ بەخشرا.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بوونی دەڤەری سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ گرنگییەكی زۆری هەبوو، نەك تەنیا بۆ سۆران، بەڵكوو بۆ هەر چوار قەزا گرنگیی تایبەتی هەبوو، هەم لە رووی ئیدارەوە گرنگییەكی زۆری هەبوو، هەمیش بۆ رایی كردنی كار و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەرفەتێكی باشتری بەخشی بە ناوچەكە، لە ماوەی یەك ساڵ تەمەنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مێرگەسۆر بووژانەوەیەكی زۆری بە خووەوە بینی لە رووی خزمەتگوزارەییەوە و دەستنیشانكردنی بڕە پارەیەكی تایبەت بۆ قەزای مێرگەسۆر، كە لەم رێگایەوە توانرا چەندین پرۆژەی گرنگ لە قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ بكرێن”.