ئامادەکردن: ژوان باقی
بۆ یەكەمین جار و لە ساڵی (١٩٩٩) ڕۆژێك دیاریكرا بۆ زمانی دایك و ناویان لێنا (ساڵڕۆژی جیهانی زمانی دایك). ھەروەھا پێویستە ئاماژە بەوەش بكەین كە وڵاتی(بەنگلادش) بە پێشەنگی دیاریكردنی ئەو ڕۆژە دادەنرێت، پاشان لە لایەن کۆنگرەی گشتی یوونسکۆوە پەسەندکرا. بەم شێوەیە:
هەموو جیهان لە ساڵی (٢٠٠٠)ەوە ھەموو ساڵێك بە پلانی نوێ و بە ئەنجامدانی چەندین چالاكی یادی ڕۆژی زمانی یەکەم (زمانی دایك) دەكەنەوە .
ڕێکخراوی ووینسکۆ باوەڕی بە گرنگی (فرە کلتوری «کلتورە جیاوازەکان» و زمانەوانی) هەیە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەكی پڕ بەرھەم و داھێنەر لە پێناو جێبەجێکردنی فاكتەرەكانی ھێنانەدی ئاشتی لە پێناو پاراستنی جیاوازییە کلتوریەكان و زمان و دیالێكتەكانیان، ھەروەھا بۆ بەرزکردنەوەی خۆڕاگری و ڕێزگرتن لە زمانە جیاوازەکان.
زمانەکان بنەمانیەکی گرنگن بۆ ھەر كۆمەڵگایەك، بەوپێیەی ڕێگایەكە بۆ ڕۆشنبیری کلتورەکان و مەعریفە و نەریت لە پێناو مانەوە و بەردەوامی و ھێشتنەوەی داب و نەریت و ھێشتنەوەی ڕەسەنایەتی ھەر نەتەوەیەك. جێی گومان نیە هەر زمانێك تایبەتمەندی و گرنگی خۆی ھەیە بە پێی ھەڵكەوتەی ناوچەكەی، بۆیە
پابەندبوون بە پاراستنی هەمەچەشنی زمانەکان وەك میراتێکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە، هەموو نەتەوە و کلتورە جیاوازەکان بەشی خۆیان هەیە لە زمانی دایك و پشكیان ھەیە لەو میراتە زمانەوانییە و پێویستە كار لەسەر ئەوە بكرێت و گرنگیەكی پێبدرێت لە بواری پەروەردەیی لە پێناو دەوڵەمەندكردنی زمانی دایك، بەو پێیەی مافێكی سەرەتایی و سروشتی ھەر تاكێكی كۆمەڵگایە.
ئەمساڵ (بیست و چوارەمین) ساڵڕۆژی جیهانی زمانی دایك بە دروشمی “پەروەردەی فرەزمانی، پێویستییەك بۆ گۆڕینی پەروەردە” ئەم یادە بەڕێوەدەچێت.
پەروەردەی فرەزمانی لەسەر زمانی دایك ئاسانکاری دەکات، بۆ فێربوون و تێکەڵبوون و بەرکەوتنی ئەو زمانانەی کە سەرەکی نین و ڕێژەی کەمینە تۆمار دەکەن زمانە ڕەسەنەکان، لە ڕووی پەروەردەوە گرنگیەکی زیاتری هەیە بۆ پەروەردە لەسەر زمانی دایك لە قۆناغە سەرەتاییەکانەوە، ھەروەھا ئاستی فێربوون زیاددەکات، تێگەیشتن باشتر دەكات و ئاڵوگۆڕی بیروڕاش لە نێوان فێرخوازان و فێرکاران چڕتر دەكاتەوە.
یوونسکۆ لە (٢١)ی شوباتدا و بەم ھەنگاوەی دەیەوێت كلتوری توانای فرەزمانی ببەستێتەوە بە بواری پەروەردە، لە ڕوانگەی فێربوونی درێژخایەنەوە لە چوارچێوەی جیاوازدا،
هەروەها کردنەوەی دەرگایەك بۆ گفتوگۆ لە نێوان كلتور و نەتەوە و زمانە جیاوازەكان ، لێرەدا گرنگترین ئەو ھەوڵانە لە سێ خاڵدا چڕدەكەینەوە..
*گرنگیدان بە پەروەردەی فرەزمانی وەك پێویستییەك بۆ گۆڕینی پەروەردە، لە چوارچێوەی فرەزمانی لە سەرەتایی خوێندنی منداڵییەوە بەرەو قۆناغەکانی دواتر.
- پشتیوانی لە فێربوون لە ڕێگەی پەروەردەی فرەزمانی لە چوارچێوەی گۆڕانكاریە گەورە و خێراكانی جیهان و لە قەیرانەكاندا، بە لە لەبەرچاو گرتنی بوارە خزمەتگوزاری و فریاگوزاریەكانیشەوە.
- زیندووكردنەوەی ئەو زمانانەی کە بە ھەر ھۆكارێك بێت لەبیركراون ، یاخود هەڕەشە و مەترسی لەناوچونیان لەسەرە.
بە درێژایی مێژوو ئێمەی كورد لەو مەترسیە چەند توانیومانە لەو مەترسیە دەربازمان بێت، كە بە دڵنیاییەوە ئەمە بەرھەمی ڕەنج و ماندوبوون و قوربانی و ڕشتنی خوێنی ھەزاران شەھیدی سەربەرز و نەمر بووە .خۆشبەختانە و لە ئێستادا کوردستانی ئازاد سیستمی پەروەردە و فێرکردنی بە زمانی شیرینی دایکە، بە دڵنیاییەوە ئەمە بەس نییە، بۆیە لە پێناو پاراستنی زمانی دایکمان پێویستە ھەموو ھەوڵێكمان بخەینەگەڕ ، لەبەر ئەوەی وەك ئاشكرایە جارێكیتر بە شێوازێكی تر دیسان ھەڕەشە لەسەر كلتور و زمانمان خەریكە دروست دەبێت ! دەبینین ڕۆژانە لە میوانخانەکان و چێشتخانە و مامەڵەی ناو خەڵك و بازار و لە شوێنە گشتییەکان، وون بوونی زمانی دایك بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت. ئاشکرایە کورد هەر لە دێر زەمانەوە ڕێزی لە هەموو ڕەنگ و زمان و ئاینێك گرتووە، ئەگەر چی زۆر چەوساوە و دایگرکراویش بووبین. لە ئێستادا کەسێك سەردانی شارێكی تری کوردستان بکات و بیەوێت شەو لە میوانخانە بمێنێتەوە، یاخود لە خواردنگەیەك خواردنێك بخوات، بە زمانێکی تر گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێت، ئەمەش بە داخەوە بوەتە هۆی کاڵ بوونەوەی زمانی دایك، بە جۆرێك لە نیشتیمانی خۆمان و لە شارێکی تری کوردستانی ئازاد هەستی غەریبی دروست دەبێت لەلامان، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە شوێنە گشتیەکانمان بدرێتەوە دەست ئەو دڵسۆزانەی گرنگی دەدەن بە زمانی دایك. بۆیە پێشنیاری ئێمە بۆ ھەموو لایەك ئەوەیە بە زوترین كات كار لەسەر ئەو بابەتە بكرێت و گشتاندنی بۆ بكرێت لەسەرجەم پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان ، بە تایبەتی لە پایتەخت و سەنتەری شارەکان و ھەموو ناوەندە فكری و ئەكادیمیەكان، كە بە دڵنیاییەوە ئەمەش لە پێناو پاراستنی ڕەسەنایەتی زمان و کلتور و فەرھەنگی كوردەواریمانە.