خەڵات زرار
هەرێمی کوردستان لە بەردەم دووڕیانێکی تری مەترسیدار ، سەرباری ناسەقامگیری دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی ، ستراتیژی لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بە ڕادەی پێویست نییە ، ماددەی هۆشبەر دێتە مەیدانی سیاسەتەوە ، وەکو دیاردەیەکی باوی نێو کۆمەڵگای کوردی ، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە شەڕی ئەم جارە جیاوازە و هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئەنفالێکی ترە .
سیاسی
لە سەردەمی سۆمەریەکانەوە ئێران بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکات ، بۆ ماوەی حەوت هەزار ساڵە و ئەستەمیشە بنبڕ بکرێت ، چونکە کۆمەڵێک مافیا و داهێنەری بەهێزی لە پشتە ، هەرێمی کوردستان لەنێوان سێگۆشەی دراوسێکانیدا ، ئێران هەژموونی زۆر گەورەتری هەیە لە هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر و بڵاوە پێکردنی لەم بەشەی کوردستان ، ئەمە وەکو هەڕەشەیەکی جدی دەبینرێ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ، سەرەڕای ئەوەی تورکیاش ڕۆڵی کاریگەری هەیە ، بەڵام وڵاتی ئێران دەستێکی ڕەشترە بۆ ئەنفالکردنێکی سپی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەی باشوری کوردستان . هەروەها دۆخی سیاسی ئێران دوای گەمارۆ توندەکانی ئەمریکا ، کاریگەری زۆر توندی هەبووە لەسەر تاکەکان ،بە جۆرێک بۆ پڕکرنەوەی ئەم خراپیە پەنا دەبەنە بەر دەرمان ، دەتوانین لە سیاقی ئەم بیرۆکەیە بڵێین : ئێران دۆخی تاکەکانی کوردستان و ناسەقامگیرێ سیاسی دەقۆزێتەوە بۆ ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و تیرۆرکردنێکی سپی هەرێم .
کۆمەڵایەتی
تاڵی و سەختی ژیان وا دەکات مرۆڤ بۆ دەربازبوون و خۆلەبیرکردن پەنا بۆ هێورکەرەوە ، ئازار شکێن ، یان هەر جۆر و شێوازێکی تری ماددە ببات ، بەڵکو ئەو تاڵیانەی بیر بچێتەوە کە نەداری و دۆخی خراپی ئابووری یان بێ هیوای و متمانە نەبوون بە داهاتوویەکی گەش و کێشە کۆمەڵایەتیەکان هۆکاری سەرەکین ، نەبوونی پەروەردەیەکی دروست و پەرتەوازەیی خێزان و بێ پیلانی حکومەت ئەو دۆخە نالەبارە دێننە کایەوە ، کە نەوجەوانان و گەنجان قوربانی سەرەکین لە دیارترین چینی کۆمەڵگا ، لێکەوتەکانی بە مایەپووچ بوونی ئابووری و ئابڕوچوونی کۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی دیاردەی نائەخلاقیانە و لەنگی بەها کۆمەڵایتیەکان و بنەما پیرۆزەکانی ئاین دوای پێ دێت ،تا دەگاتە ئەوەی کارەساتی کۆمەڵایەتی لێبکەوێتەوە ، وەکو توندوتیژی خێزانی ، جیابوونەوە ، کوشتن … کە دوای ئەوەی کەسەکە لە ڕووی دەروونییەوە ئاسەوارەکانی ئالوودەبوونی دەردەکەون زیانی تەنها بۆ خودی خۆی نییە ، بەڵکو قۆناغی خودی تێدەپەڕێ بۆ بوون بە مەترسی بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و بەلاڕێدابردنی تاکەکان .
تەندروستی
لە ڕووی تەندروستیەوە ، ئاڵودەبوون بە ماددەی هۆشبەر لێکەوتەی نەرێنی هەیە ، لە لایەنی دەروونی کاردەکاتە سەر ڕەفتاری کەسی ئالوودەبوو ، کە زۆر جار کاردانەوەی نادرووستی وەکو توندووتیژی،تێکچوونی هاوسەنگی دەروونی ، بێ ئیرادەیی ، گۆشەگیری ئیهمالکردنی بەها کۆمەڵایەتی و بنەما ئەخلاقیەکانی لێدەکەوێتەوە ، نەخۆشی دەروونی و تووش بوون بە ماددەی هۆشبەر پەیوەندی بەناو یەکداچوویان هەیە ، لە هەر حاڵەتێکدا یەکێکیان هۆکاری ئەویتریانە ، . هەروەها ئاسەواری جەستەیی هەیە ، کە لە سەرەتای ئالوودەبوونەوە نیشانەکان دەردەکەون ، لە شێوەی : ناڕەحەتی ،دەمارگرژی ، دڵەڕاوکێ ، نائارامی ، ئێش و ئازار لە جەستە و دروستبوونی فشار و سەر ئێشە و لاوازبوون و کەم توانایی .زۆر جاریش برینداربوون ، بەهۆی ئەوەی کەسەکە لە ڕووی دەروونیەوە ئازار دەکێشێت پەنا بۆ خۆ بریندارکردن دەبات ، لە هەندێ حاڵەتا دەگاتە ئەوەی ئالوودەبوو کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت .
یاسایی
یاسای ژمارە( ١) ی ساڵی (٢٠٢٠) ، ( یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرو کارتێکەرە عەقڵیەکان لەهەرێمی کوردستان) ). ئەم یاسا تازەی ماددە هۆشبەرەکان پێکدێت لە( ٥٠) ماددە و یانزە خشتەی هاوپێچ و لە بەرواری (٢٠٢١/١/١٨) لەهەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت. و دەرچونی یاساکە بەکۆمەڵێک بڕگە و ماددەی جیاواز و ڕێک و پێک و توندکردنی سزاو ڕێکارەکان ، زۆر لەکاتێکی باشدایە بەتایبەت لەئێستادا بابەتی ماددەهۆشبەرەکان بۆتە دیاردەیەکی جیهانی و مەترسیدار بۆئێستا و ئایندەی مرۆڤایەتی و کوردستانیش بەدەر نییە لە وڵاتانی تر ، بە جۆرێک لە شار و دێهاتەکانی بەرچاو دەکەوێت ، بۆ نمونە بەم دوایانە چەندین حاڵەتی دەست بەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر لە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران ئەنجام دراوە ، وێڕای ئەوەی هەوڵی جدی دراوە بۆ قەڵاچۆکردن و ڕێگریکردنی ئەم دیاردە مەترسیدارە یاسای بەهێزو و پلان و بەرنامەی تۆکمەی پێویستە. لەسەر ئاستی دونیا بەکارهێنانی جیاوازە بۆ نمونە لە هیندسان و یۆنان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا (چیک ، پورتوگال ، فنلەندا ، ئیسپانیا ، ئەڵمانیا) بەپێی یاسا ڕێگەیان پێدراوە کە بۆ بواری دەرمانسازی و تەندروستی بەکاری بهێنن ، یان لە هۆڵەندا ئاسایی کراوەتەوە بە ڕادەیەک بە ڕێژە و بڕی کەم لە مارکێتەکان دەفرۆشرێت ، واتا ڕەفتاری کۆمەڵایەتی وەرگرتووە ، ئەمەش ڕۆڵی یاسا و جیاوازی یاسا دەردەخات لە سەر ئاستی دونیا بۆ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر . یەکێکی تر لە سەرنجەکان ئەوەیە ،، لەبەر ئەوەی گرفتاری ماددەی هۆشبەر دەبن ، بۆ نمونە وەکو ئێران ئەوەندەی فرۆشیار تاوانبارە ، بەکاربەر تاوانبار نییە !
ئابووری
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەرهەمهێنانی تلیاک (ئەفیون) پێنج هێندە زیادی کردووە ، لە سەرەتاکانی هەزارەی دوەمدا ، ئەگەرچی ڕووەکی خشخاش دەگمەنە و لە هەندێ وڵاتی جیاواز دەچێنرێت و بەرهەم دەهێنرێت ، بەڵام ئەفغانستان بە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەر و فرۆشیار دادەنرێت لەسەر ئاستی دونیا ، کە ڕێژەکەی نزیکی %75 ی تلیاکی هەموو دنیایە . ئەگەر چی تاڵیبان هەوڵی بنبڕکردنی بەرهەم هێنانی تلیاکی دا لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەردەوامە ، لەبەر دوو هۆکار یەکەمیان باری نالەباری شەڕ و ناسەقامگیری سیاسی ، چاندنی زیادی کرد . دووەمیان بەهۆی کۆنتڕۆڵنەکرانی سنورەکان و سود وەرگرتن لێی وەکو سەرچاوەی داهات ، کە لە 2006 بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان 6100 تەن تلیاک بەرهەم هاتووە داهاتەکەشی بڕی سێ ملیار و نیو مەزەندەکراوە . ئەوەی جێگای سەرنجە ، وڵاتانی بەکارهێنەر لە ئاست و کوالێتی جیاواز ئەم ماددەیە بەکار دەهێنن و بازرگانی پێوە دەکەن ، ئێرانیش بەدەر نەبووە لەوەی گیرۆدەی تلیاک ببێت و هەوڵی گیرۆدەکردنی دراوسێکانی یەکێکی ترە لە سەرچاوەی ئابووری ، بە جۆرێک وا لە گەنجان و نەوجەوانان گەینراوە بازرگانی کردن بەم ماددەیە هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی سامان بەبێ ماندوو بوون ، یەکێک لە هۆکارەکانی توش بوونی تاکەکانی کوردستان بێ کاریە ، بۆیە وەکو سەرچاوەی ئابووری مامەڵەی پێوە دەکرێت .
کۆتایی :
بەرپرسیارەتی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت ، بەوەی چۆن بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە دەبێتەوە ، ئەویش بە هەبوونی ستراتیژی خێرا و تۆکمە لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ، سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە لێک ترازانی خێزان و کۆمەڵگا و دەوڵەت ، بەتایبەت گرنگی دان بە چاکسازی کۆمەڵایەتی و چاودێری کردنی ئالوودەبووان و هۆشیاری پەروەدەیی ، سەنتەر و کۆنتڕۆڵی چڕی سنورەکان ، کە ڕێگای سەرەکی هێنانی ئەم ماددانەن ، ئەگەر لە ڕابردوو پرسی کورد شوناس بووبێ بۆ ئەنفال ، ئێستا ئەنفالی سپی شیرازەیە .