سەرۆكی حكوومەت بە گرێبەستی گرنگ و لێكگەیشتنی گرنگەوە گەڕایەوە
زاری كرمانجی-سۆران:
بەشداریكردنی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لوتكەی جیهانی حكوومەتەكان لە شاری دوبەی، ئاماژەیە كە هەرێمی كوردستان، پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لە ناوچەكە، كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا و هاندانی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی كوردستان بە گرنگ وەسف دەكرێت.
فەرەنسا یەكەم وڵاتی باڵادەستی جیهان بوو، لە دوای گەمارۆكانی سەر هەرێمی كوردستان بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و داوایكرد كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەشێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێن.
فەرەنسا دۆستایەتیەكی دوورودرێژی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە گەماڕۆی ئابووری خرایە سەر كوردستان، فەڕەنسا یەكەم وڵات بوو كە بانگهێشتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستانی كرد ئەو كات نێچیرڤان بارزانی سەردانی فەڕەنسای كرد، بە شێوازێك پێشوازی كرا، ئەوە یەكەم هەنگاو بوو بۆ شكاندنی گەمارۆی ئابووری و دیبلۆماسی لەسەر هەرێمی كوردستان، ئێستاش ئەوە جەختكردنەوەیە لەو دۆستایەتیەی كە لە نێوان فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش وا دەكات كە هەرێمی كوردستان رۆژبەرۆژ پێش بكەوێت.
فەڕەنسا بە یەكێك لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی یەكێتی ئەوروپا دادەنرێت و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، دۆستایەتییەكی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و لە چەندین قۆناغی مێژوویی پشت و پەنای كورد بووە، هەر لە سەرەتای شۆڕشەكانەوە تا دەگاتە كۆڕە و دواتر شەڕی داعش و كێشەكانی ئێستای نێوان هەولێر بەغدا.
ساڵی 2014، كاتێك كە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هێرشی داعش بووەوە، فەرەنسا جارێكی دیكە، بە سەرۆكایەتی فرانسوا ئۆلاند، بە هانای هەرێمی كوردستانەوە هات و هاوكاری چەك و تەقەمەنی و راوێژی سەربازی پێشكەش بە پێشمەرگە و گەلی كوردستان كرد، سەرەڕای ئەوەی فڕۆكەكانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هێرشە ئاسمانییەكاندا پشتیوانی هێزی پێشمەرگەبوون لە شەڕی داعش.
د. تالب شێروانی، مامۆستای زانكۆ، بە زاری كرمانجی راگەیاند: بەشداریكردنی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لوتكەی حكوومەتەكان لە ئیمارات گرنگی خۆی هەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە حەكیمانەی كە لە رووی دیپلۆماسییەوە پەیڕەوی دەكات، كە بۆتە جێی سەرنجی وڵاتان، گرنگی بەشداریكردنی بەرێزیان لە لوتكەی حكوومەتەكان دەرفەتێك دەبێت بۆ زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، چونكە لەم لوتكەیە بریار بەدەستەكانی وڵاتان ئامادەبوون و راستەوخۆ لەگەڵیان گفتۆگۆ كرا، كە پێشنیار و سەرنجەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بە بایەخەوە سەیر كرا، ئەمەش دەریدەخات هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی هەیە لە ناوچەكە لە سەقامگیری و ئاسایشی و پێكەوەژیان، بۆیە ناوچەیەكی ئارامە لە رووی وەبەرهێنانی بازرگانی بەتایبەت كە هەرێمی كوردستان ئێستا لەسەر نەخشەی وزەی جیهانە، لەلایەكی دیكە پەیوەندی هەرێمی كوردستان و ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو بەهێزتر دەكات.
سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ فەڕەنسا كۆبوونەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی ئەو وڵاتە، ئاماژەیە كە فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان، بەهای هاوبەشیان هەیە هەرێمی كوردستان پێگەی تایبەتی خۆی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆتە فاكتەرێك بۆ پاراستنی بەهاكان و ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە و ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت، كە ئەمەش بەهۆی ئەو سیاسەتە بەهێزەیە كە سەرۆكی حكوومەت پەیڕەو دەكات لە رووی دپلۆماسیەوە كە وای كردووە لەسەر ئاستی سەرۆك وڵاتان پێشوازی لێبكرێت، سەرەڕای ئەوەی فەڕەنسا لە شەری دژی داعش یارمەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی دا، ئەم جۆرە پەیوەندیانە گرنگە كە زیاتر پەرەی پێبدرێت، ئەم سەردانانە دەرفەتێك دەبێت بۆ زیاتر قوڵكردنەوەی پەیوەندیەكان بۆ نموونە ئەم سەردانە لە رووی ئابوورییە گرنگی خۆی هەیە، ئەمەش وای كردووە كە لە رووی بازرگانیەوە سەرنجی كۆمپانیاكانی فەڕەنسا رابكێشرێت، سەردانی سەرۆكی حكوومەت بۆتە جیی سەرنج و بایەخی وڵاتان ئەمەش پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات.
دڵشاد سەبری، مامۆستا لە زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی گوت: سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، بە سەرۆكایەتی شاندێكی حكوومی بۆ ئیمارات و بەشداریكردن لە لوتكەی جیهانیی حكوومەتەكان و دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و خاوەنكارانی عەرەبی و جیهانی، بە گرنگ دادەنرێت و ئەوە دەگەیەنێت كە هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان پێگەی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو گیراوە، هەرەها دواتر سەردانی سەرۆكی حكوومەت بۆ فەڕەنسا، بە مەبەستی هێنانی زیاتری كۆمپانیا فەرەنسییەكان بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سیاسەتمەداران و خاوەن كۆمپانیاكانی ئەم وڵاتە، بە هەمانشێوە هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی دیكە.
د.سانع شەریف، مامۆستای فاكەڵتی یاسا و زاستە سیاسییەكان و بەرێوەبردن لە زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: فەڕەنسا یەكێك بوو لەو زلهێزانەی كە چارەنووسی بەشێكی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە درێژایی سەدەی بیستەم دیاری كرد، هەر خۆشی بووە هۆی ئەوەی قەوارەیەكی ئۆتۆنۆمی بۆ كورد لە ئەنجامی هەوڵی سەركردایەتی سیاسی كورد بە رێبەرایەتی سەرۆك بارزانی لە ناوجەرگەی عێراق دامەزرێنێت، جگە لەوەش رۆڵێكی كارایی هەبوو لە شەڕی دژی داعش، ئەم وڵاتە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكانە كە بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی جیهانە، بۆیە سەردانی سەرۆكی حكوومەت بۆ فەڕەنسا نیشانەی ئەو پەیوەندییە مێژوویی و سیاسی و ئابوورییە كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەڕەنسا هەیتی، هەرێمی كوردستان پێگەیەكی تایبەتی هەیە بۆ فەڕەنسا، كارەكتەرەكی بەهێزی نێودەوڵەتییە و گرنگە بۆ فەڕەنسا، ئەمەش بۆ داهاتووی سیاسی و ئەمنی هەرێم گرنگە.
مەهدی ستوونی، مامۆستای زانكۆی سۆران، لەمبارەیەوە بۆ زاری كرمانجی، دەڵێ: كوردستان چووەتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی، ئیمارات هەمیشە گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدات، لەبەر ئەوەشە ئەمجارە وەكو حكوومەتێكی سەربەخۆ هەرێمی كوردستان بانگهێشت كراوە.
ستوونی، زیاتر دەڵێ: فەڕەنسا گرنگییەكی زۆر بە كوردستان دەدات، پەیوەندی هاوبەش لە نێوان فەڕەنسا و كوردستان ئەو پەیوەندیانەش ئابووری و ئەمنینە، بۆیە سەردانی سەرۆكی حكوومەت بۆ فەڕەنسا زۆر گرنگ بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی كە لە دژی هەرێم دەری كردوون، بۆیە ئەو سەردانە زۆر گرنگ بوو، چونكە تا وەفدی هەرێم بتوانن راست و دروستی سەبارەت بەو كێشانەی كە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەنە بە ئەمانەتەوە وەكو خۆی بگەیەنن، وەكو لە میدیاكان باس دەكرێت سەرەدانێكی سەركەوتوو بووە و سەرۆكی حكوومەت توانیویەتی بە راشكاوانە هەموو ئەو كێشە و گیروگرفتانەی كە لە نێوان هەرێم و بەغدا هەنە بیگەیەنێت بە ئیمانوێل ماكرۆن و لە هەمان كاتدا ئەو هەنگاوانانەی حكوومەتی هەرێم هاوێشتوویەتی بۆ چاكسازی جێگەی دەستخۆشی بوو لە لای سەرۆكی فەڕەنسا”.