بەرێوەبەری كارگێڕی بنكەی تەندروستی سیدەكان :”ساڵێكی پڕ لە دەستكەوت بوو”
شەهلا ڕەشید- زاری كرمانجی :
رێكەوتی 14 ـ 9 ـ 2021 لە مەراسیمێكدا لە قەزای سۆران بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیەندرا و هەڵگورد شێخ نەجیب كە ئەو كات قایمقامی قەزای سۆران بوو وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دیاركرا و لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە نامەی دەستبەكاربوونی پێ بەخشرا.
دوای دوو رۆژی تر ساڵێك تێپەڕ دەبێ بەسەر راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زاری كرمانجی وەك پیشەیی هەمیشەیی رەیی تەواوی بەرپرسان و بەرێوەبەرانی فەرمانگە حكومییەكان و بەشێك لە دانیشتووانی سنووری ئیدارەكە وەردەگرێ لەسەر دەستكەوت و شێوازی كاركردنی ئیدارەكە لە ماوەی ساڵێكی تەمەنی.
كاروان فەیسەڵ، بەڕێوەبەری كارگێڕی بنكەی تەندروستی سیدەكان باس لەوە دەكات لە ماوەی یەك ساڵی تەمەنی ئیدارەكە سۆران چووتە قۆناخێكی نوێی و پرۆژەی زۆر گرنگ ئەنجامدراوەن، لەمبارەوە دەڵێ :” لە ماوەی یەك ساڵەی تەمەنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەرپرشتیار دووجار سەردانی سیدەكانی كردووە، هەروەها بە دڵنیایەوە گۆڕانكاری باش بەسەر تەندروستی سیدەكان هاتووە، لەوانە نۆژەنكردنەوەی بەشی تیشك و لە دایكبوون، دابینكردنی چەند ئامێرێك بۆ بەشی فریاكەوتن و تاقیگە، دابینكردنی كۆمپیوتەر و چەند كەلوپەلێك بۆ ئیدارەكەمان و چارەسەركردنی كێشەی ئاو و كارەبا”.
ئەوەشی خستە ڕوو” بینایەكی نوێ بۆ فریاكەوتن لە سیدەكان دروستكراوە بەڵام هێشتا تێیدا دەست بەكار نەبووینە، بەهۆی نەبوونی كەل و پەلەكانەوە، لەو ماوەیەدا داواكاری ئاراستەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەین بۆ دابینكردنی ئەو كەل و پەلانە، جگە لەمەش ئیدارەی سۆران لە دروستكردنی نەخۆشخانەی 25 قەرەوێلەی سیدەكان دەورێكی باشی هەبووە و پرۆژەكە قۆناخی باشی بڕیوە و بەردەوامیشە، هەموو ئەم دەستكەوتانە لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە