زاری كرمانجی-سۆران:
هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندی بەرزێوە دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆران، ئەندامی رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان، تائێستا بەدەیان بتڵ خوێنی بەخشیووەو دەشڵێت: ” كاتێك خوێن بە كەسێك دەبەخشم هەست بە ئاسوودەیەكی زۆر دەكەم.
باپیر حسێن سەبری، ناسراو بە (تاقانە) بەڕزێوەیی، دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” لەساڵی 2006 تائێستا زیاتر لە 30 بتڵ خوێنم بەخشیووە، واتە شەش مانگ جارێك خوێن دەبەخشم، جاری واش هەیە لە حاڵەتی وا كە نەخۆشێك پێویستی بەخوێن بێت، كەمتر لەو وادەیە خوێنم بەخشیووە، بە كارێكی مرۆڤانەشی دەزانم و لەكاتی خوێن بەخشینمدا هەست بە ئاسوودەیەكی زۆر و تەندروستییەكی باش دەكەم”.
گووتیشی: ” وەك پزیشك و كارمەندانی تاقیگەكانی خوێن باسی لێوەدەكەن، جۆری خوێنەكەم زۆر باش و گونجاوە بۆ نەخۆش، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگڕێنەوە كە جگەرە ناكێشم، هەروەها ماددە كەحولییەكان ناخۆمەوەو هیچ نەخۆشیەكی درێژ خایەنم نییە، ئەو نەخۆشانەش كە خوێنم پێیانداوە سوودی زۆریان لێی بینیووە”.
تاقانە بەرزێوەیە، ئەو كارە مرۆڤانەی ئەندامانی رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان بەرزدەنرخێنێت، لە دابینكردنی خوێن بۆ گشت شارو شارۆچكەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە كەركوك و ناوچەكانی دیكەشەوە، چونكە كارێكی مرۆڤانەیەو بە هانای هەزاران كەس دەچن.
