نوسینی: کرێکار قادر ڕوستایی
بەشی حەوتەم
ئەو بەناو دەرمانە گیایی و سروشتیانەی، بۆ زیادکردنی کێش و دابەزاندنی کێش بەکاردێن، زۆر خراپ و مەترسیدارن لەسەر ژیان و تەندروستی ئەو کەسانەی بەکاری دێنن.
زۆر جار دەبینین ڕیکلام دەکرێت بۆ پاودەر، کەپسول، گیراوە، تێکەڵەی بەناو گژوگیا و دەرمانی گیایی سروشتی، بۆ زیاد کردنی کێش و دابەزاندنی کێش، زۆرێک لەو پاودەر و کەپسول و گیراوە و تێکەڵانەی دەفرۆشرێن، لە شوێنی عەتارەکان، نۆرینگە و سەنتەر و دووکانی دەرمانی گیایی، قاچاخ و ساختەو قەدەغەکراون و تەندروست نین بەکاربێن و مەترسیەکی زۆر گەورەی هەیە لەسەر جەستەی بەکارهێنەر.
لەهەمووی خراپتر و مەترسیدارتر ئەوەیە هەندێک لە عەتارەکان و ئەو کەسانەی بەنەشارەزایی لەبواری دەرمانی گیایی کاردەکەن، گوێ نادەن بەتەندروستی بەکارهێنەر، زیاتر مەبەستیان ئەوەیە پارە کۆبکەنەوە و بەو ناوە بازرگانی دەکەن بە جەستە و ڕۆحی خەڵکی بەکارهێنەر. هاتوون چەندین پاودەر و کەپسول و گیراوە و تێکەڵە دروست دەکەن کە زۆربەی لەگەڵ دەرمانی کیمیاوی تێکەڵی دەکەن، ئینجا بەپاودەر یان بەکپسول، یان بەگیراوە، یان بەتێکەڵە بەکاری دێنن بۆ زیادکردنی کێش و دابەزاندنی کێش! بەم جۆر و شێوازەیە ئامادەکردنی دەرمانی گیایی، دوورە لەبنەمای زانستی پزیشکی و ناتەندروست و مەترسیدارە لەسەر ژیان و تەندروستی بەکارهێنەر، چونکە گژوگیای پزیشکی و دەرمانی کیمیاوی زۆر هەستیارتر و مەترسیدارترە و قەدەغەیە ئەوەی ئامادەکراوە.
کێ دەڵێ ڕێژەو ئامادەکردنەکەی زانستی و تەندروستە؟! یان ماددەکانی گژوگیا و دەرمانە کیمیاویەکە ڕەنگە کارلێک بکەن و ئەوکات لەجیاتی دەرمان دەبێتە دەرد!
بۆیە دەبێ پزیشکی پسپۆڕ و کەسانی خاوەن ئەزموون و شارەزا لەبواری دەرمانی گیایی ئامادەی بکەن. لەوە کارەساتر ئەوەیە بێیت لەژێر ناوی چارەسەری سروشتی بەدەرمانی گیایی بێ زەرەر و زیان بفرۆشیت بەخەڵک!
ئامادەکردنی پاودەر، کەپسول، گیراوە، تێکەڵە، پێویستی بە پزیشکی پسپۆڕ و کەسانی شارەزایە، لەبواری گژوگیای پزیشکی، دەرمانی گیایی، بۆیە ناگونجێت و ناکرێت هەر کەسێک بێت و لای خۆیەوە گژوگیای پزیشکی ئامادەبکات و بەدەرمانی گیایی و سروشتی بیفرۆشێتەوە بەخەڵک. خول و ڕاهێنانی نەبینیوە، نەئەزموونی هەیە، نە پزیشکی پسپۆڕە، شارەزاش نیە لەبواری دەرمانی گیایی، زانیاری زانستی لەسەر گژوگیای پزیشکی نەبێ نابێت لەخۆتەوە دەرمان دروست بکەیت و بیفرۆشت، چونکە لەجیاتی بوون بە چارەسەر دەبێتە ژەهر و بەکارهێنەر دەکوژێت.
زۆرێک لەو دەرمانانەی بەناوی دەرمانی گیایی سروشتی دەفرۆشرێن، کیمیاوین و مەترسیدار و ژەهرن، بەکارهێنەر دەکوژێت، یان دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەندامؽکی جەستەی، یان تووشی نەخۆشیەکی درێژخایەنی دەکات، وەک نەخۆشیەکانی دڵ، جگەر، گورچیلە، بەرزە فشاری خوێن، نەزۆکی، خەستی خوێن، شەکرە، شێرپەنجەی قۆڵۆن، گەدە، غودە، چەندین نەخۆشی تر… بۆیە لەخۆتەوە داوای دەرمان مەکە لەڕێگەی سۆشیال میدیا، لەعەتارەکان، لەو کەسانەی نەشارەزان و تازە دەستیان بەو کارە کردووە، هەوڵبدە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ و کەسانی شارەزا بکە لەبواری دەرمانی گیایی، بەبێ ڕێنمایی ئەوان هیچ دەرمانێک مەخۆن و بەکاری مەهێنن، بۆ سەلامەتی و تەندروستیتان.
چەندین جار لە شاشەی تیڤی و سۆشیال میدیا دەیبینین و گوێبیستی دەبین هەواڵی گیان لەدەستدانی خەڵکان دەگێڕێنەوە کە بوونەتە قوربانی دەستی ئەو کەسانەی بەنەشارەزایی و لەدواوەی شاشەی مۆبایل و شاشەی لاپتۆپ پڕوپاگەندە و ڕیکلام دەکەن بە ڕاست و چەپ دەکەونە بازرگانی کردن بە ژیان و تەندروستی خەڵک، بۆیە کاتی هاتووە حکومەت و لایەنی، پەیوەندیدار بەجددی کار بکات بۆ قەدەغەکردنی ئەو جۆرە کڕین و فرۆشتنانەی کە لەڕێگەی سۆشیال میدیا و لەلای عەتارەکان و هەندێک شوێنی دەرمانی گیایی، دەرمانی ساختەو قاچاخ و قەدەقەکراو دەفرۆشرێن دەبێ سزا بدرێن و ڕایانبگرن.