محەممەد مەحموود- رواندز:
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بەدواداچوون بۆ ئاستی خزمەتگوزرای بنکە تەندروستییەکانی سنووری قەزای رواندز دەکات و بەڵێنی چارەسەرکردنی گرفتەکان دەدات و قایمقامی رواندزیش دەڵێت” دەمانەوێت گرنگی زیاتر بە کەرتی تەندروستی بدەین.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز، بە زاری کرمانجی راگەیاند” بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگادار بوون لە کێشە و گرفت و كەم و كورتییەكانی بنکە تەندروستییەکان، بە هاوڕێیەتی د. کامەران مەلا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران و شاندی یاوەری سەردانی هەر یەكە لە بنكە تەندروستییەكانی (كاولۆكان ، بەرزێوە ، زەروان )مان لە سنووری قەزای ڕواندز كرد.
دواتر سەردانی ناحیەی وەرتێمان كرد ، هەر یەك لە بنكەی تەندروستی ( وەرتێ ، خانەقا ، دەرگەڵە)مان بەسەر كردەوە”.
قایمقامی رواندز، گوتیشی: دوای بینینی شوێنەكان و دەستنیشانکردنی كەم و كوریەكانیان، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەركردنی بەشێك لە داواكاریەكانی دا”.
لەکۆتاییدا ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز گوتی: كەرتی تەندروستی یەكێكە لە كەرتە گرنگ و هەستیارەكان، ئامانجمانە بایەخ و گرنگی زیاتر پێ بدەین، تاكو بتوانین خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بە باشترین شێوە بە هاووڵاتییان بگەیەنین.


































































