زاری كرمانجی – تەكنەلۆژیا:
ئۆتۆمبێلی فڕیو وەك باشترین شێوازی گواستنەوە لە داهاتوودا باس دەكرێت، چونكە ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە هاتووچۆ و پیسبوون و كێشەكانی تری پەیوەندیدار كەمدەكاتەوە، مەودایەكی دوور لە ماوەیەكی كەمدا دەبڕێت، جگە لەوەش ڕێگاكان ئازاد دەبن و بۆ پیاسەكردن و پاسكیلسوار گونجاوتر دەبن.
فڕینی سەركەوتووانەی ئۆتۆمبێلێك لەلایەن گروپی توێژینەوەی ژاپۆنی ماسك لە شاری ئۆیتا، ئەم ئۆتۆمبێلە دوو كورسییە كە لە چین لەسەر بنەمای تەكنەلۆژیای فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دروستكراوە، توانیویەتی ٣٠ مەتر لە زەوی بەرزبێتەوە و دواتر بە خێرایی ٣٦ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بە دەوری دەریادا بجووڵێت بۆ ماوەی سێ خولەك و نیو.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ماسك رایگەیاند، كە ئامانجی كۆمپانیاكە ئەوەیە ئۆتۆمبێلی فڕیو بكاتە ستانداردی بازاڕ، بێگومان ئێستا كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی فڕین پێویستیان بە كاتێكی زیاترە بۆ بەرهەمهێنانی بە كۆمەڵی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە، چونكە جگە لە كێشەی دیزاین و ئەندازیارییان، پێویستیان بە وەرگرتنی مۆڵەتی پەیوەندیداریش هەیە، كێشەكانی وەك ژێرخانی گونجاو بۆ هەڵسان و نیشتنەوەی ئۆتۆمبێل، توانای هەڵگرتنی سنووردار، ڕاهێنانی فڕۆكەوان و تێچووی زۆر هەندێك لەو كێشانەن كە بوونەتە ڕێگر لە گەشەی ئۆتۆمبێلی فڕیو.