پشتیوان كەریم – زاری كرمانجی:
بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی دابەشكردنی كارەبای ئیدارەی سۆران لە سنووری قەزای رواندز و سۆران پێویستیان بە فەرمانبەر هەیە.
وەفا سەعید خان بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی دابەشكردنی كارەبای ئیدارەی سۆران لە رێگەی زاری كرمانجی یەوە زانیاری زیاتر دەخاتە روو:” ئەو فەرمانبەرانەی لە فەرمانگە حكومییەكانن و خوازیارن راژەكانیان بگوازنەوە سەر میلاكی بەرێوەبەرایەتییەكەمان، دەتوانن بە زووترین كات پەیوەندیمان پێوە بكەن، بۆ ئەوەی دەست بكەین بە رێكای گواستنەوەیان”.
بۆ ئەوانەی دەتوانن راژەكانیان بگوازنەوە بۆ سەر بەرێوەبەرایەتی كارەبای سۆران هەروەكو وەفا سەعید خان باسی دەكات دەبێ خاوەن بڕوانامەكانی وەك (بەكالۆریۆسی یاسا، كارگێڕی، ژمێریاری، كارەبا، میكانیك، كۆمپیوتەر، دبلۆم كارەبا+میكانیك، كارگێڕی، ئامادەیی پیشەییەكان بێت، هەروەها چەند فەرمانبەرێكێشیان پێویستە كە بڕونامەكە ناكرێتە پێوەر وەرگرتنیان”.
وەفا لە كۆتایی قسەكانیدا روونی دەكاتەوە ئەو داواكارییە بۆ دامەزراندن نییە تەنیا بۆ گواستنەوەی راژەیە و دەڵێ:” ئەم داوایە بۆ دامەزراندن نییە، تەنیا بۆ گواستنەوەی ڕاژەیە، ئەو كەسانە دەگرێتەوە، كە پێشتر دامەزراون، دوای هاتنیان چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەكرێت، رێژەی وەرگرتنیش سنووردار نییە و ماوەی دوو هەفتەش دیاری كراوە بۆ وەرگرتن و چاوپێكەوتن، لەبەر ئەوەی كارەبای سۆران بووە بە بەڕێوەبەرایەتی لە تەواوی بەشەكان پێویستی بە فەرمانبەر هەیە”.