دیدار-شەهلا رەشید
زۆرجار ئەو كەسانەی لە رێكخراوەكاندا كار دەكەن بەتایبەتی ئافرەتان، رووبەڕووی كێشە و گرفت دەبنەوە و لەناو كۆمەڵگەدا رەخنەیان لێدەگیرێت.
بەرپرسی رێكخراوی گەشەی یاسایی، بۆ مافەكانی ئافرەتان و منداڵان لە شاری سۆران، دەڵێت: ئەگەر مرۆڤ متمانەی بەخۆ بێت و كۆڵنەدات، هیچ جیاوازیەك لە نێوان رەگەزەكان نییە و گرنگ خزمەتكردنە. دەشڵێ: پێویستە شوێنێكی تایبەت بۆ داڵدان و پاراستنی ئافرەتان و منداڵان لە ئیدارەی سۆران هەبێت.
درەخشان مستەفا، بەرپرسی رێكخراوی گەشەی یاسایی بۆ مافەكانی ئافرەتان و منداڵان لە شاری سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دا رایگەیاند: مەبەستم لە دامەزراندنی ئەم رێكخراوە داكۆكی كردنە لە مافەكانی ئافرەتان و منداڵان، بەتایبەتیش ئەوانەی زوڵم و زۆرداریان لەگەڵ دەكرێت، یان زۆرجار دەبینین هەندێك منداڵ لەلایەن خێزانەكانیان بێویژدانانە سوالكردن و كاری دەستفرۆشی كەل و پەلیان پێدەكرێت، ئەمەش دوورە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و لە یاسادا رێگەپێدراو نییە كە منداڵ سوال بكات و ئیشی قورسی پێ بكرێت، هەوڵدەدەین ئەم دیاردە نەمێنێت و كێشە و گرفتەكانیان بگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار و لەبری ئەوە ئەو خێزانانەی هەژارن سەرچاوەیەكی داهاتیان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوانەشی وەكو دیاردە ئەم كارە دەكەن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت”.
بەرپرسی رێكخراوی گەشەی یاسایی بۆ مافەكانی ئافرەتان و منداڵان لە شاری سۆران، زیاتر گوتیشی: رێكخراوەكەمان داكۆكی كار دەبێت لەو ئافرەتانەی كە لەلایەن هاوسەرەكانییانەوە دەستدرێژی و تووندووتیژیان دەكرێنە سەر و لێیان دەدرێن، یاخود رێگریان لێ دەكرێت بۆ كار كردن، چونكە هیچ جیاوازییەك نابینین لە نێوان ئافرەت و پیاو هەریەكە و بەكاری خۆیەوە جوانە، تەنانەت ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوو بدەینەوە چەندین ئافرەتی قارەمان و بە توانامان هەبوونە بەرگریان لە وڵات و پیرۆزییەكانی خاك و نیشتمانیان كردووە و جەنگاون، جگە لەمەش ئەركیان لە ماڵەوەش قورسە و هەموو كارەكان دەكەن و ناز دەدەنە منداڵ و پیاو، بەڵام سەرەڕایی هەموو ئەمانەش، زۆرجار بێویژدانانە لەلایەن پیاوەكانیانەوە ناحەقیان بەرامبەر دەكرێت.
سەبارەت بەو كێشانەی كە هاتوونەتە بەردەمیان درەخشان مستەفا، دەڵێت: هەرچەندە سەرەتا كە دەستم بە كاری رێكخراویی كرد، بۆ داكۆكی كردن لە مافەكانی ئافرەتان و منداڵان، هەندێك كێشەم بۆ دروست بوون، بەڵام هیچ كۆڵم نەدا و بەردەوام بووم، زۆر ئافرەتم پاراستن كە مافیان خوراوە، ئێستاش هیچ بەربەستێكم نییە و خێزانەكەم زۆر پاڵپشتیم دەكەن بۆ ئەم كارە، هەروەها هەماهەنگیەكی باشمان هەیە لەگەڵ دام و دەزگاكان و هەموو رێكخراوە خۆبەخشەكانی سۆران”.
لە دوا قسەكانیدا درەخشان مستەفا، بەرپرسی رێكخراوی گەشەی یاسایی بۆ مافەكانی ئافرەتان و منداڵان لە شاری سۆران، دەڵێت: تاكە گرفتمان نەبوونی شوێنێكە بۆ بارەگای رێكخراوەكەمان، تا بتوانین كارو چالاكی زیاتر ئەنجام بدەین، هەروەها گرنگە شوێنێكی تایبەت بە داڵدان و پاراستنی ئافرەتان و منداڵان لە ئیدارەی سۆران هەبێت، بۆ ئەوەی لەكاتی كێشە و گرفتەكانیان رووی تێبكەن و پارێزگاریان لێ بكرێت تا ئەوكاتەی كێشەكانیان یەكلایی دەكرێتەوە”.

































































