دێسکی وەرزشی زاری کرمانجی:
زیاتر لە2 مانگ تێپەڕی بەسەر یەکێک لە گەورەترین و بەچێژترین یارییەکانی مێژووی تۆپی پێ لە نێوان هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئارجێنتینا کە بە بردنەوەی سەماکارانی تانگۆ تەواوبوو، بە لێدانی یەکلایی کەرەوە لەخاڵی سزا نازناوەکەیان بردەوە دوای یەکسانبوونی هەردوو لا لەکاتی ئاسایی یاریی بە 3 گۆڵ.
یارییەکە بێ بەش نەبوو لە تارمایی گومان لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوان کە مشتومڕێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و، چەند حاڵەتێک نیشانەی سەرسوڕمانیان کەوتە سەر، تا کار گەیشتە ئەوەی ناوبژیوانی یارییەکە کە (سیمۆن مارچینیاک)ـی پۆڵەندییە بێ دەنگی شکاند و وەڵامی هەموو رەخنەکانی دایەوە و لە هەمان کاتدا دانی بە تاکە هەڵەی خۆیدانا، کە لە یارییەکەدا ئەنجامیداوە.
بە بڕوای مارچینیاک، تاکە هەڵەی ئەوە بووە کە لە کۆتا چرکەکانی کاتی ئاسایی یارییەکە فاوڵێکی بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا هەژمارکرد، کاتێک ئەکونا ـی بەرگریکاری تانگۆ بە شێوازێکی تاکتیکی لە کینگسلی کومان ـی داو، هێرشێکی مەترسیداری فەڕەنسای پوچەڵ کردەوە.
ناوبژیوانەکە پێی وایە ئەگەر ئەو فاوڵەی هەژمار نەکردبایە و بەردەوامی بە یارییەکە بدایە ئەوا سودی زیاتری دەبوو بۆ هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەنجامی یارییەکە پێچەوانە دەبویەوە.