زاری كرمانجی -سۆران:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە میونشن رایگەیاند: بەشداریکردنی ئێمە لە میونشن یان لە داڤۆس، دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان، کە بتوانێت بیروبۆچوونی خۆی بەبێ پرۆتۆکۆڵی زۆر، بگەیەنێتە هاوبەشەکانی لە جیهان.
ئەوەشی خستەڕوو، کە تەوەرێکی سەرەکی هەموو کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بوو، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی دەیەوێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، پرسی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بوو، لەو چوارچێوەیەشدا بابەتی وزە، بابەتێکە کە وڵاتانی رۆژئاوا گرنگی پێدەدەن.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: بە دڵنیاییەوە، عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەچوارچێوەی عێراقدا، ئەگەر دونیابینییەکی دروست و رێکوپێکی هەبێت، دەتوانێت لە پرسی وزەدا یارمەتیدەر بێت.
سەرۆکی هەرێم راشیگەیاند، لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەرێمی کوردستان جێگەیەکی تایبەتی خۆی هەیە.
سەبارەت بە مەترسییەکانی چەکدارانی داعش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئێستا بابەتی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش بە پرسێکی جددی دەزانن.
نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا باسی لەوەکرد، تا ئێستاش داعش دەتوانێت سەقامگیری لە عێراق تێکبدات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، هەموو ئەو شاندانەی لە میونشن لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، بۆ یەکریزی کورد هانیان داون، و باسیان لەوەکردووە، کە کورد پێوستە کێشەکانی خۆیان لەناوخۆدا چارەسەر بکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ پارتی و یەکێتی لە ماوەیەکی نزیکدا کۆدەبنەوە و کێشەکان ئەوەندە گەورە نین ببنە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، گووتیشی: ئەگەر هەموو هێز و لایەنەکان لە کوردستان پێکەوە نەبین ناتوانین هیچ بۆ هەرێمی کوردستان بکەین.