مستەفا دۆلەمەری – شێروان مەزن:
بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن، لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، بە زاری کرمانجی راگەیاند:’ بۆ ئەمساڵ بەرنامەو پلانی باشمان هەیە، دەرخستەمان بۆ چەند شوێنێک کردووە وەک، قیرتاو کردنی رێگەی هەرسێ گوندی بان و بەردەسۆر و هەلانیا، هەروەها رێگەی مەرزی زێت، کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت و کۆلانەکانی ناو ناحیەی شێروان قیرتاویان دەکەین و چەندان پڕۆژەی دیکەش لە پلاندان، ئەگەر حکوومەت رەزامەندیان لەسەر بدات، ئەو پرۆژانە سوودی زۆریان بۆ سنوورەکەمان دەبێت.”
کۆڤان رەشید، بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن، ئاماژەی بەوەشدا:” کردنەوەی دەروازەی زێت گرنگیيەکی زۆری دەبێت بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە دەیانەوێت هاتووچۆی تورکیا و بە پێچەوانەوە بکەن، چوونکە رێگەکە زۆر نزیک دەکرێتەوە و ئاوەدانی زیاتریش روو لە ناوچەکە دەکات و سەدان هەلی کاری دەرەخسێنێت، و دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری ناوچەکە بە تایبەتی بۆ گوندەکانی زێت ، هوپە، ئیدلبی ،ئەگەریش هەیە گوندەکانی بەنان ئەرگۆش ئاوەدان بکرێنەوە، واتە بە شێوەیەکی گشتی لە رووی گەشتیاری و بازرگانی سوودێکی زۆری دەبێت.