زاری کرمانجی – ڕواندز:
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ناچارکردنی قوتابییان لە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی ڕواندز بە هێنانی بڕی سێ هەزار دینار بۆ کڕینی شیرینی و ئەنجامدان و ڕێکخستنی چالاکییەک بەمەبەستی ماڵئاوایی کردن لە بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕواندز کە فەرمانی کارگێڕی بۆ دەرچووە تا وهك بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران دەست بەکار ببێت.
مامۆستا ڕۆژان عومەر ساڵح بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی نێرگزی کچان ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە کە قوتابییەکانی ناچار کردبێت بە هێنانی بڕە پارەیەک بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکی، بە زاری کرمانجی گووت: “دەرگای قوتابخانەکەمان کراوەیە بۆ هەر کەسێک گەر بیەوێت لە ڕاستی هەواڵەکە دڵنیا بێتەوە، ناچارکردنی قوتابییان لە هێنانی پارە بۆ ئەنجامدانی چالاکی، لە ئەدا و ڕەوشتی هیچ یەکێک لە مامۆستا و خودی خۆشم وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە یەک ناگرێتەوە و بگرە زۆر جار مامۆستایانمان لە نێو خۆیاندا هاوکارییان کۆکردوتەوە بۆ یارمەتی دانی قوتابییەک و کارەکانیشمان شایەتی ئەمەن، لە لایەکی ترەوە (خوێندن ئارەزوومەندانەیە چ جای هێنانی شیرینی یان پارە).”
بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی نێرگزی کچان ئەوەش بۆ زاری کرمانجی ئاشکرا دەکات کە باوکی یەکێک لە قوتابییەکانی ئەو دەنگۆیی بڵاو کردووەتەوە بە مەبەستی لەکەدارکردنی ناوبانگی قوتابخانەکەیان.
مامۆستا ڕۆژان ئەوەش ناشارێتەوە کە بە بۆنەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان چالاکییەکی تایبەتیان هەیە و ساڵانە لەو ڕۆژە دا ئەنجام دەدرێت و هیچ پەیوەندی بە پەروەردە یان بەڕێوەبەری پەروەردەوە نییە و لەسەر داواکاری خودی قوتابییان ئەو چالاکییە ڕێکخراوە.