سەردار قازی ـ رواندز:
ئێوارەیەكی ساردی زستانە لەدەمێكدا دەتەوێ گوزەرێك بۆ یاریگە گەورەكەی گەردەگەرد بكەیت، لەگەڵ هەنگاونان بۆ ناوەوە لەگۆشەیەكدا دەبینیت، دوو وێنەی گەورە لەتەنیشت یەكتری هەڵواسراون، سیمایەكی دیكەیان بە ئەوێ بەخشیوە.
لەیاریگەی گەردەگەردـی شاری رواندز، وێنەی هەردوو وەرزشكاری كۆچكردوو مەحموود عەبدوڵڵا و شەفیق عەلی هەڵواسراوە، وەك پیشاندانی وەفایەك و زیندوو هێشتنەوەی یادەوەریان.
حیلمی شێركۆ، بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی رواندز، بەزاری كرمانجی گووت: “بەدەر لە پیشاندانی وەفا و هێشتنەوەی یادەوەریان، هاوكات پەیامێكە بۆ ئەوانەی سەردانی ئەو یاریگەیە دەكەن، بۆ ئەوەی ئاشنای مێژووی دێرێنی ئەو دوو كەڵە وەرزشوانە كۆچكردووە ببن.”
گووتیشی: “ئەم كارە لەلایەن وەرزشكارانی دێرێنی هاوەڵیان كراوە. تا ئێستا سێ خولی جۆراوجۆری وەرزشی لەژێر ناوی ئەو دوو وەرزشوانەی پێشووتری رواندز بەڕێوەچوونە.”
مەحموود و شەفیق، رۆژانێك لەم یاریگەیە كە ئەوسا خۆڵ لەنێو تەپوتۆزدا ون دەبوون و جۆشێكی دیكەیان بە ركابەری بەخشی بوو، بەدەر لەوەش سەرچاوەیەك بوون بۆ پێگەیاندنی یاریزانی دیكە.
حیلمی، پشتڕاستی دەكاتەوە و دەڵێت: “شەفیق عەلی و مەحموودی لاعیب بەتایبەتی گەلێكیان ماندوو بوون چەشت لەتاو پێگەیاندنی یاریزان و دروستكردنی نەوەیەك دوای خۆیان، خۆشبەختانە بەشێكی زۆری یاریزان لەئیدارەی سۆران بەگشتیی و رواندز بەتایبەتی قوتابی ئەو دوو مامۆستایەن.”
ئەم گۆشەیەی یاریگەكە گەلێك جار دەبێتە هۆكارێك بۆ كۆكردنەوەی هاوڕێكانی هەردوو وەرزشوانە كۆچكردووەكە، لەوێ كۆمەڵدەگرن و باسی رابردووی پڕ دەسكەوتی ئەمان و یادگارییە خەندە ئامێزكانیان دەكەن.
گەردەگەرد، رۆژگارێك گۆڕەپانی كێبڕكێی نێوان شەفیق و مەحموود لەگەڵ هاوەڵانیان بوو، ئێستاش بووەتە پەناگەیەك بۆ بیرەوەریان و لەباوەشگرتنی یادگارییەكان.