نوسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
بەشی شەشەم
زۆر جار گوێبیستی قسەیەک دەبین کەلە کوردەواری خۆماندا خەڵکی باسی دەکەن و دەڵێن: دەرمانی گیایی ئەگەر سوودیشی نەبێ، زەرەرو زیانی نیە! ئەم قسەیە زۆر هەڵەیە، چونکە هەر گژوگیایەک کە بۆ مەبەستی چارەسەری نەخۆشی بەکاربێت و بگونجێت، ئەگەر بە شێوازێکی زانستی پزیشکی ئامادە نەکرێت، ئەوا دەبێتە ژەهر و مەترسی لەسەر ژیان و تەندروستی نەخۆش و بەکارهێنەر.
دەرمانی گیایی و کیمیاویش هیچ کات گرەنتی لەگەڵ نیە، چونکە چارەسەر و شیفا تەنها لای خوایە، ڕاستە چارەسەر و دەرمانەکە، زۆر باش و کوالێتیە، مارکەیە، بەڵام بەگرەنتی فرۆشتنی گژو گیای پزیشکی، دەرمانی گیایی، کیمیاویش هیچ بنچینەیەکی زانستی و مەنتقی نیە.
کەواتە فرۆشتن و بەبازاڕکردنی دەرمانی گیایی، وەک هەندێ کەس کە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن، تەنها بۆ پارە پەیداکردن و بازاڕ گەرم کردن ڕیکلام و پڕو پاگەندەی پێوە دەکەن تا تێکەڵە، گیراوەو، کپسول، ئاوتکی گیایی، پاودەر مەرهەم …هتد لەژێر ناوی چارەسەری سروشتی بە گژوگیای پزیشکی ساغ بکەنەوە، لەڕێگەی سۆشیال میدیا و بڵاوکراوەکانی تر، لەکاتێکدا دروستکردنی تێکەڵە، گیراوە، کپسول، ئاو تکی گیایی پاودەر هیچ بنەمایەکی زانستی پزیشکی نیە بۆ بەرهەم هێنان و دروستکردنیان، چونکە دەبێت لەژێر چاودێری حکومەت بێت، بەتایبەت لێژنەکانی تەندروستی ڕێگە بدەن بە بەرهەم هێنان و دروستکردنی دەرمانی گیایی، نەوەک ئێستا هەر کەسێک لەلای خۆیەوە هەستاوە و دووکانێکی داناوە بەناوی چارەسەری سروشتی بەگژوگیای پزیشکی. دەرمانی گیایی ئەگەر بەڕێگەیکی زانستی و تەندروست کاری لەسەر نەکرێت ئەوا ژیان و تەندروستی بەکارهێنەر دەکەوێتە مەترسیەوە. بابەتی فرۆشتنی دەرمانی گیایی زۆر هەستیارە کڕین و فرۆشتن، بەم جۆرەی کە ئێستا هەیە تەنها بۆ بازاڕ خۆشکردن و ڕیکلام کردنە لەژێر ناوی گرەنتی، درۆیەکی گەورەیە لەگەڵ نەخۆش و خەڵکی بەکارهێنەر دەکرێت.
هەرچی دەرمان و چارەسەرە لەسەر گۆی زەوی، کە بەناوی گرەنتی و باشترین و چاکترین دەفرۆشرێت بە نەخۆش و خەڵک، دوورە لەڕاستیەوە، هیچ بنەمایەکی زانستی و تەندروستی نیە، تەنها بەم ناوە خەڵک هەڵدەخەڵەتێنن و بازرگانی و بازاڕی پێ گەرم دەکەن، لەڕێگەی پڕ و پاگەندە و ڕیکلام کردن، بەهەموو جۆرێک تا ڕەواج بدەن بە بەرهەمە ناتەندروستەکانیان، لەو ڕێگەیەوە نەخۆش و خەڵکی بەکارهێنەر دەیکڕێت و بەکاری دێنێت و ژیان و تەندروستیان دەکەوێتە مەترسیەوە، بۆیە دەبێ لاینەنی پەیوەندیدار ئاگاداربن و یاسایەک دەر بکەن بۆ ڕێگرتن لەدروستکردن و بەرهەم هێنانی دەرمانی گیایی بەشێوازێکی هەڕەمەکی و ناتەندروست.
هاوڵاتیانی ئازیز: تکایە لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە هەڵمەخەڵەتێن و مەکەونە داوی ڕیکلام کردن و پڕو پاگەندەی دەرمانی سروشتی بەگرەنتی، چونکە بەشێکی هەرە زۆری ڕیکلام و پڕوپاگەندەی دەرمانی سروشتی بەناوی گرەنتی بەبازاڕ دەکرێت، تەنها بازاڕ گەرم کردن و پارە کۆکردنەوەیە، بەناوی چارەسەری سروشتی و دەرمانی گیایی، هیچ دەرمانێکی گیایی بەبێ ڕاوێژکردنی پزیشکی پسپۆڕ و کەسانی شارەزا لەبواری دەرمانی گیایدا مەکڕن و مەیخۆن.
You sent