ئیسماعیل ئیبراهیم
خۆپیشاندانەكانی سلێمانی بۆ ئازاد كردنی عەبدوڵلا ئۆجەلان لە زیندانی توركیا تەنها بیانوو دانە دەست توركیایە، بۆ ئەوەی زیاتر لە رابردوو دەستوەردان لە باشووری كوردستان بكات.
ئەم قسەی من هەرگیز شەرعییەتدان نییە بە توركیای داگیركاری كورد كووژ، كە رابەرێكی نەتەوەی كوردی بە پیلانێكی نێودەوڵەتی دەستگیر و زیندانی كردووە.
بەڵام سوودی ئەو خۆپیشاندانەی سلێمانی چییە؟، كێن ئەوانەی لەم خۆپیشاندانە بەشدارن؟، كێ لە پشت ئەم خۆپیشاندانانەیە؟ كێ بەقەد نووكە دەرزییەك حیساب بۆ ئەو خۆپیشاندانە دەكات؟.
بێ گومان وەڵامەكەی ئەوەیە كەس حیساب بۆ ئەو خۆپیشاندانە ناكات و تا 20 مەتر ئەولاتر بڕ ناكات، واتە خۆپیشاندانێكی بێ سوود و بەرهەمە، تەنها زیانی دەبێت، لەبەر ئەوەی لە سلێمانی هیچ كەس و لایەنێك و دامەزراوەیەك نییە حیساب بۆ ئەو خۆپیشاندانە و هاوشێوەكانی بكات، تەنها رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەوەی توركیا، لە داهاتوویەكی زۆر نزیك دەستوەردانی زیاتر بكات.
دۆخی سلێمانی ئێستا لە هەمووكاتەكان زیاتر ئاڵۆزە، هاووڵاتییانی بە هەموو چین توێژەكانییەوە لە قەلەقییەكی زۆردان، نە لە رووی سیاسییەوە نەلە رووی خزمەتگوزارییەوە دانیشتووانی ئەو شارە لە دۆخێكدا نین، تەحموولی ئەو هەموو ئاڵۆزییانە بكەن و بەو جۆرە رەفتارانە زیاتر ئاڵۆزتر دەبن.
لێرەوە دیسان بێ سەروو بەری ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی بەدیار دەكەوێت كە وەك شارێكی بێ خاوەن وایە. لەبەر ئەوەی ئەگەر مۆڵەت وەرگیرابێت بۆ چاڵاكییەكی لەمجۆرە و حكومەتی خۆجێی مۆڵەتی دابێت، ئەمە كاری نەگونجاوە هەم لە رووی سیاسییەوە هەمیش لە رووی ئیدارییەوە، لەبەر ئەوەی هەڵوێستی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارە پەكەكە دیارە، ئەگەر بێ مۆڵەت ئەم خۆپیشاندانە ئەنجام درابێت دیسانەوە جێگەی هەڵوەستە لەسەر كردنە، كە چۆن دەبێ گرووپێك بێ مۆڵەت خۆپیشاندانی لەمجۆرە كە رەهەندی سیاسی لەپشتە ئەنجام بدات، كە دەشێ لە داهاتوو هەرێم تووشی كێشە بكات.
لە هەموو حاڵەتەكان بارودۆخی باشووری كوردستان لەو دۆخەی ئێستا هیچ شیاوی ئەوە نییە ئەمجۆرە چاڵاكییانەی لێ ئەنجام بدرێت، كەسیش با كوردایەتی بەسەر ئەوی دیكە نەفرۆشێتەوە چونكە مرۆڤ ژێر باش دەزانێت، سیاسەت و دیپلۆماسییەت بەمجۆرە ناكرێت.