شەهلا رەشید- سۆران
زۆر كەس بەهۆی هەڵگرتنی قورسایی زیاد لە كێشی خۆیان تووشی ئازاری پشت و بەشەكانی تری جەستە دەبن و كاریگەری لەسەر ئێسكەپەیكەر دروست دەبێت و دەبێتە هۆی ئازار.
د. مەقسود ئیسماعیل، پزیشكی پسپۆڕی ئێسك و شكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئەوانەی كە شتی قورس هەڵدەگرن یان زۆر هاتووچۆ دەكەن لەسەر پلیكانەكان و زۆر لەسەر پێ راوەستان زووتر تووشی سەوەفان دەبن، تایبەت بۆ پشت زیانێكی زۆری هەیە، جگە لەمانەش تەنانەت ئەگەر پێڵاویش لەپێ بكەن بۆ بەستنەوەی قەیتانەكان نابێ خۆیان بچەمێننەوە پێویستە بە دانیشتن قەیتانەكان ببەستن، یان بۆ هەڵگرتنی هەر شتێكی قورس چ لە ماڵەوە یان لە دەرەوە نابێ خۆت خوار بكەیەوە بۆ هەڵگرتنی، بۆیە هەر كارێك بكەن پێویستە بە ئاگادارییەوە ئەنجامی بدەن، چونكە هەڵگرتنی هەر قورساییەك ئەوا وەزنی زیاتر دروست دەكات لەسەر پشت و تووشی كێشە دەبن.
گووتیشی” زۆر هاتووچۆ كردن لەسەر پلیكانەكان تایبەت بۆ ئەوانەی سەرووی تەمەن 40 ساڵانن زیانی زۆری هەیە، پێویستە كەسانی بە تەمەن زۆر ئاگادار بن و خۆیان بپارێزن لە كارە قورسەكان و زۆر لەسەر پێ وەستان، بۆ ئەوەی دوور بكەونەوە لە سەوەفان و كاریگەرییەكان لەسەر ئێسكەپەیكەر و جومگەكان.

































































