نوسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
بەشی پێنجەم
لەهەرێمی کوردستانیش هەر لەکۆندا، کەسانێک هەبوون چارەسەری نەخۆشیان کردووە، بە گژوگیای پزیشکی، وە هەندێک لەو کەسانە دەستنوسیان لەدوای خۆیان بەجێهێشتووە، باسیان لەچارەسەر بە گژوگیا پزیشکیەکان کردووە، ئینجا کوڕ یان کچ یان نەوەکانیان جارێکیتر کاریان بەگژوگیای پزیشکی کردووە، بەڕاستەو خۆ فێر بوون یان لە ڕێگەی دەستنوسی بەجێماوی باوک، دایک، باپیر، داپیر کەبەجێماوە سوودیان وەرگرتووە بۆ فێربوون و ئیش کردن بە گژوگیای پزیشکی و بەردەوام بوون تا ئەمڕۆش چارەسەر بە گژوگیای پزیشکی بەکاردێنن و نەخۆشی پێ چارەسەر دەکەن.
لەسەردەمێکی وەکو ئەمڕۆدا، ئیش کردن و کارکردن لەبواری چارەسەر بەگژوگیای پزیشکی، پێویستی بە خوێندن و خول و ڕاهێنانی زۆری مەیدانیە، بۆ ئەوەی چارەسەرکاری بواری دەرمانی گیایی، بەشێوازێکی زانستی و پزیشکی و تەندروست کاربکات لەسەر نەخۆش، نەک بەشێوازێک هەڕەمەکی کە لەباوک و دایک و باپیر و داپیریان فێربوون و بۆیان ماوەتەوە ئەو ڕێگەیە زۆر ناتەندروستە و دوورە لە بنەمای زانستی پزیشکی و چارەسەری سەردەم.
بۆیە کەسانێک کەدەڵێن چارەسەر بە گژوگیای پزیشکی کە لەباوک و دایک و باپیرو داپیرمان، بۆمان ماوەتەوە، هیچ پێوەرێکی زانستی و پزیشکی نیە، بەڵکو هەیانە تاوەکو ئێستاش بەشێوازێکی هەڕەمەکی کار دەکەن، لەبواری گژوگیای پزیشکی، ئەوەش زۆر مەترسیدارە و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر بەکارهێنەرانی، زۆر جار ژیان و تەندروستیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
لەئێستادا خەڵکێکی زۆر دەستیان داوەتە بواری چارەسەر بە گژوگیای پزیشکی، دوکان و نۆرینگە و سەنتەریان داناوە، هیچ ئەزموون و شارەزایەکی زانستیان نیە لەسەر چارەسەر بە گژوگیای پزیشکی، دەتوانم بڵێم زیاتر هەڕەمەکیە و لەئایندەدا وا بڕوات ژیان و تەندروستی زۆرێک لەخەڵک دەکەوێتە مەترسیەوە، بەهۆی بەکارهێنانی گژوگیای پزیشکی لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەهەڕەمەکی و بۆ پارە پەیداکردن و بازرگانیکردن بە جەستەو ڕۆحی خەڵکی کاردەکەن، زۆر جاریش بیستومانە و بینیومانە کە خەڵکانێک بوون بە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە بەهۆی ئەو دەرمانە گیاییانەی کەلەڕێگەی ئۆنڵاین کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە، کە زیاتر بازرگانیە و دوورە لەبنەمای بەکارهێنانی زانستی پزیشکی و ناتەندروستن.
ئامادەکردنی گژوگیا بۆ چارەسەری نەخۆشی، دەبێ ئەو کەسە شارەزا و پسپۆڕ و پزیشکی بواری دەرمانی گیایی بێت، چونکە ئامادەکردن و گرتنەوەی گژوگیای پزیشکی پێویستی بە لێزانی شارەزایی و پسپۆڕییە دەبێ بەڕێژەو قیاسی زانستی، تێکەڵە، گیراوە، ئاوتکی گیایی، کەپسول، مەرهەم ….هتد دەبێ بەبنەمای زانستی ئامادە بکرێن، نەک بەشێوازێکی هەڕەمەکی.
لەڕێگەی دەستنوس و سەیرکردنی ڤیدیۆ و خوێندنەوەی پەرتوک یا لە باوک،دایک، باپیر، داپیر، خاڵ، مام، هاوڕێ، دۆست، خزم، فێری چارەسەر بەگژوگیای پزیشکی نابیت، چونکە دەبێ لەو بوارەدا بەوانە بیخوێنی و دیراسەی بکەیت و ئەزموون پەیدا بکەیت، ئینجا بڕۆیت لای کەسانێکی پسپۆر و شارەزا بۆ ماوەی شەش مانگ تا ساڵێک لەبەر دەستیان کار بکەیت و تاقیکردنەوە بکەن پێت و ئینجا دەبێ ئەوان ڕێگەت پێ بدەن کار بکەیت، ئەگەر بۆ کۆکردنەوەی پارەو بازرگانیکردن بێت، ئەوا بە شەرع و بە یاسا و بە عورفیش تاوانباریت کە بەنەشارەزایی کاردەکەیت.
بۆیە کار کردن بە هەڕەمەکی لەبواری گژوگیای پزیشکی زۆر مەترسیدارە، لەجیاتی چارەسەر، دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستی بەکارهێنەر و نەخۆش. بۆیە کاتی هاتووە حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت پەڕلەمان و وەزارەتی تەندروستی یاسایەک دەربکەن، لەسەر میکانیزمی کارکردن بە گژوگیای پزیشکی، سنورێک دابنێن بۆ ئەو کەسانەی بە هەڕەمەکی کاردەکەن لەو بوارەدا بەتایبەتتر شوێنی بەهارات فرۆشەکان، عەتارەکان.
لەکۆتاییدا دەڵێم: لە بەهارات فرۆش و عەتارەکان و ڕیکلام و پڕ پاگەندەی سۆشیال و میدیا و تەلەفزیۆن تێمەکەون، تکایە دەرمانی گیایی داوامەکەن، لەو شوێنانە، چونکە هیچ بنەمایەکی زانستی نیە و بگرە زۆریش مەترسیدارە و لەجیاتی دەرمان و چارەسەر، ژەهر مەکڕە و مەیخۆ.