شەهلا رەشید- زاری كرمانجی:
شەكەتی چاوەكان كاتێك روودەدات كە چاوەكان ماندوو دەبن بەهۆی زیاد بەكارهێنانی زۆرەوە، لە كاتی بەكارهێنانێكی چڕی چاوەكان بۆ ماوەیەكی زۆر لەو چالاكییانەی پێویستییان پێیەتی وەكو شۆفێری، بەكارهینانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و زۆر خوێندنەوە و چەندین هۆكاری دیكە، وێڕای ئەوەی زۆرێك دەناڵێنن بەدەست ئەم حاڵەتەوە بەڵام خۆی لە خۆیدا حاڵەتێكی مەترسیدار نییە و لە كاتی پشوودان بە چاوەكان نامێنێت، دەكرێت خۆپارێزیش بكرێت بەچەند هەنگاوێكی سادە كە كاردەكەن بۆ رێگری لە ماندووبوونی چاوەكان، لە هەندێك حاڵەتدا لەوانەیە نیشانەكان ئاماژە بۆ پێویستی چارەسەر بكەن، جێی باسە تووشبووانی ئەم حاڵەتە بەدەست چەندین نیشانەوە دەناڵێنن.
نیشانەكانی شەكەتی چاوەكان چین؟
- ماندووێتی چاوەكان ئێستا زۆر زیاتر بووە بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی وەك مۆبایلی زیرەك، كۆمپیۆتەر و زۆر تەماشاكردنی تەلەفزیۆن، شەكەتی چاو نیشانەیە نەك نەخۆشی، لە نیشانەكانی ئەم حاڵەتەش بریتین لە:
- هەوكردن و ماندووبوونی چاو.
-سووتانەوە و خورانی چاو.
-وشكبوونی چاو. - ناڕوونی بینین و بینینی دووانی.
- سەرئێشە.
- هەوكردنی مل و شانەكان و پشت.
- زیادبوونی هەستیاری بە رووناكی.
- قورسی تەركیزكردن.
خۆپارێزی لەم حاڵەتە
هەندێك هەنگاو و رێكاری سادە هەن كە دەكرێت پەیڕەو بكرێن بۆ رێگری و خۆپارێزی لە شەكەتبوونی چاوەكان، لە نموونەی ئەو ڕێكارانەش بریتین لە:
- دانانی شاشەكە لە دوور گونجاو: پێویستە دڵنیا ببنەوە لەوەی شاشەكە لە دووری گونجاو و شوێنی گونجاودایە، كە پێویستە چەند پێیەك لە چاوەوە دوور بێت، یان هێندەی دریژی قۆڵێك، هەروەها پێویستە شاشەكە لە ئاستی چاو یان كەمێك لەوە نزمتر بێت، ئەمە لەسەر ئامێرە ژمارەییە هەڵگیراوەكانیش هەر وایە، هەروەها دەكرێت قەبارەی پیتەكان گەورە بكرێن لەسەر شاشەكە بەپێی دوورییەكە.
- هەڵبژاردنی بڕی گونجاوی رووناكی شاشەكە: دەكرێت رووناككردنەوە ببێتە هۆی ماندووكردنی چاو، پێویستە رووناكی گونجاو دیاری بكرێت جا ئەگەر زۆر بێت یان كەم بەپێی چالاكی ئەنجامدراو، بۆ نموونە پێویستە رووناكییەكە لە پشتەوە بێت لەكاتی چالاكییەك كە پێویستی بە تەركیزی زۆر بێت وەك خوێندنەوە، هەروەها رێكخستنی رووناكییەكان هاوكارە لە كەمكردنەوەی ماندووبوونی چاو لەكاتی سەیركردنی تەلەفزیۆن.
- بەكارهێنانی دڵۆپەكانی چاو: دەكرێت زۆر تەركیزكردن ببێتە هۆی وشكبوونی چاو، لێرەشدا وا باشە پەنا ببرێتە بەر بەكارهێنانی دڵۆپەكانی چاو وەك فرمێسكی دەستكرد بۆ چارەسەری كێشەكە و كەمكردنەوەی شەكەتی چاو.
- لەچاوكردنی چاویلكەی گونجاو: پزیشك كار دەكات بۆ دیاریكردنی ئەوەی ئایا نەخۆش پێویستی بە چاویلكەی پزیشكی هەیە بۆ كەمكردنەوەی شەكەتی چاوەكان یان نا، هەروەها ئەگەری پێویستبوونی بە هاوێنە و ئامێر یان چارەسەری گونجاو بۆ ئەو چالاكییەی دەبێتە هۆی شەكەتی چاو”.
سەرچاوە:سایتی زانیاری