وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێ سەبارەت بە بازاڕی چەکفرۆشان دەردەکات
زاری كرمانجی – سۆران:
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بە مەبەستی رێكخستنی بواری چەك و بە سیستەمكردنی بازاڕەكانی بازرگانیی چەك و ڕێكخستنی كاری كۆمپانیا ئەمنی و راهێنەرییەكانی ئەو بوارە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان، رێنماییەکی تایبەتی دەركردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێبوونی یاسای چەك و یاسای كۆمپانیا تایبەتییە ئەمنییەكان، لە رێنماییەكەدا بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ هاتووە، کە دەبێت كۆمەڵگەیەكی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی چەكی ئاگرین دابمەزرێت، ئەوەش كۆمەڵێك كاری وەكو كڕین و فرۆشتن و چاككردنەوەی چەك و شوێنی راهێنان لەسەر چەك و سەنتەری مەشقی كارمەندانی كۆمپانیای ئەمنی لەخۆ دەگرێت و لەژێر چاودێریی حكومەتدا دەبێت.
بە گوێرەی رێنماییەکەی وەزارەتی ناوخۆ، جگە لە تایبەتمەندییە گرنگەكانی كۆمەڵگەی چەكفرۆشی و مەشق و راهێنان، بەپێی ستانداردەكانی رووبەر و بیناسازی و بنەماكانی سەلامەتی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دیاریدەكات.
هەروەها كۆمەڵگەكە بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە بە وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەست دەكات و زانیارییەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی چەك و ڕاهێنان و مەشقپێكردنی كارمەندی كۆمپانیای ئاسایشپارێز، لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، کە لە رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆدا، رەچاوی مەرجی تایبەتمەندیی ئەو كۆمەڵگانە لەڕووی ڕووبەر، بینا، سەلامەتیی ئەمنی، خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان، ڕووبەری سەوزایی، كافتریا و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلیان بۆ كراوە، كە بە هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێن.
میدیا و زانیاری راشیگەیاند، ئامانجی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەو رێنماییەدا، لەلایەكەوە جڵەوكردن و رێكخستنی كڕین و فرۆشتنی چەكە بە ڕێگەی یاسایی و قەدەغەكردنی بەكارهێنانی چەكە لە دەرەوەی یاسا؛ لەلایەكی دیكەشەوە دەیەوێت چالاكییە ئەمنییەكانی كۆمپانیاكانی پاراستنی ئاسایش، بە شێوەیەك ڕێكبخات كە بە پێی پێوەرە درووستە نێودەوڵەتییەكان و لەژێر چاودێریی حكومەتدا بن.