زاری كرمانجی – سۆران:
ماوەی چەند رۆژێكە كارەبای نیشتیمانی لە ئیدارەی سۆران بەشێوەیەكی بەرچاو كەمبۆتەوە، ئەمەش هاووڵاتییانی نیگەران كردووە.
لەو بارەیەوە، ئەندازیار فەیسەڵ حوسێن بەڕێوەبەری دابەش كردنی كارەبای ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” كەمبوونەوەی كارەبای نیشتیمانی بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە، زۆربوونی خواست لەم كاتەی ساڵ لە سەر كارەبای نیشتیمانی، بەكارهێنانی ئامێرەكانی خۆگەرمكردنەوە، بەهۆی دروست بوونی لۆدی زۆر لەسەر تۆڕەكانی كارەبا، بووەتە هۆی كەمبوونەوەی كاتەكانی كارەبا تا گەیشتۆتە 9 كاتژمێر و نیو، ئەمە لە كاتێكدایە، لە وەرزەكانی دیكەی ساڵ، كارەبای نیشتیمانی لە سنوورەكەمان نزیكەی 17 كاتژمێر كارەبا هەبووە.
بەڕێوەبەری كارەبای ئیدارەی سۆران، ئاشكراشی دەكات، لە وەرزی زستان زیاتر لە 500 میگاوات خواست لە سەر تۆڕی كارەبا بە بەراورد بە وەرزەكانی دیكە زیادی كردووە، نزیكەی 4 هەزار میگاوات كارەبا بوونی هەیە، لەگەڵ تێپەڕبوونی وەرزی زستان كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانیش زیاد دەبێت.
گووتیشی:” هەوڵمان داوە كارەبای نیشتیمانی بەشەوان بەو شوێنانە بدەین كە دەرەوەی شارن و مۆلیدەی ئەهلییان نییە، هاووڵاتییانیش دڵنیا دەكەینەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی ئەو مانگە و وەرزی سەرما و سۆڵە، كارەبای نیشتیمانی لە سنوورەكەمان زیاتر دەبێت”.