مەهدی محەممەد – ڕواندز :
دوای ڕاگەیاندنی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوایی کوردستان، کچى پێشمەرگەیەک کە باوکی لە شەڕی دژ بە داعش شەهید بووە لە گوندەکەی خۆی بە تەنیا لە ڕێگەی دانانی سندووقێک هاوکاری کۆ دەکاتەوە.
مەڕوا شاخەوان تەمەن 12 ساڵ، قوتابی پۆلی شەشەمی بنەڕەتییە لە قوتابخانەی ماناز ی تێکەڵاوە لە گوندی خانەقا ی سەر بە ناحیەی وەرتێ ی قەزای ڕواندز، لە گوندەکەی خۆیدا سندووقێکی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری ماددی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان داناوە و بە زاری کرمانجی وت:”باوکم لە پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتمان و خەڵکەکەی شەهید بوو، بۆیە منیش درێژە پێدەری ڕێبازە پیرۆزەکەی باوکی خۆمم، ئەگەر ئەو دوێنێ بە چەک پارێزگاری لە خاک و کورد دەکرد، منیش ئەمڕۆ بە کۆمەک کۆکردنەوە هاوکاری بۆ خەڵکی لێقەوماوی خۆمان لە باکوور و ڕۆژئاوایی کوردستان دەکەم.”
مەڕوا تا ئێستا هاوکارییەکی باشی کۆکردووەتەوە و بڕیار وایە ڕادەستی کەمپینی گشتی بکات کە لە ناحیەیی وەرتێ دانراوە، بۆ ئەوەی بگاتە دەست لێقەوماوان، ئەو ئەگەرچی بە تەمەن بچووکە، بەڵام بە قسە و هەست گەورە و دڵسۆزە، بە نیگەرانییەوە دەڵێ:”خۆزگە کارەساتی لە دەست چوونی ئازیزان لە کورد و کوردستان دوور دەکەوتەوە، بۆ ئەوەی چی تر منداڵەکان بێ باوک و دایک نەبن، لە ئێستادا پێویستە هەموومان هاوکاری خوشک و براکانی خۆمان بکەین کە تووشی ئەو کارەساتە گەورەیە هاتوون،”
مەڕوا لە بارەی کارەکەی و هەستی یەوە دەڵێ:”ئەگەرچی زۆر نیگەرانم بە بوونی ئەو هەموو قوربانییە، بەڵام هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە لەو ڕێگەیەوە هاوکاری منداڵێکی کورد بکەم، ئێستا هەست دەکەم باوکم زۆر شانازیم پێوە دەکات.”