زاری كرمانجی – سۆران:
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٤\٢\٢٠٢٣، لە بەردەوامیی سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرە لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی دووبارە سەرهخۆشیی سهرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی بە ئەردۆغان و گەلی تورکیا گەیاند بۆ ئەو کارەساتەی لە ئەنجامی بوومهلەرزەکەی شەشی ئەم مانگە لە چەندین ناوچەی تورکیا و سووریا ڕوویدا و هەزاران قوربانی و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە. هەروەها هاوکاری و پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ تورکیا دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە ئەردۆغان سوپاس و پێزانینی بۆ سەردانی نێچیرڤان بارزانی و بەسەرکردنەوەی لێقەوماوان و شوێنە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزە دەربڕی و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە ڕێزەوە لە یارمەتیی مرۆیی و هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستان و تیمەکانی دەڕوانێت کە هەر لە سەرەتاوە بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی قوربانییان، گەیشتنە شوێنە زیانلێکەوتووەکان و هاوکاری و یارمەتییان پێشکەش بە لێقەوماوان کرد.
دهرفهتهکانی برهودان به پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوچەکە بە گشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبووەوەکە بوو.