“درێژە بە خولە جۆراوجۆرەكان دەدەین”
محەمەد ئامۆكەیی- سۆران:
بەگووتەی خۆیان هاتنە پێشەوەی ئافرەت لەسەرجەم كایەكانی ژیان بەرەوپێشڤەچوونی باشی بەخۆیەوە بینیووە، لە ئیدارەی سۆران ناوەندی دیانای سەر بەئەنجوومەنی سۆرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان خولێكی شوفێری بۆ ژمارەیەك دەكاتەوە.
خەمرین فەتح اللە، بەرپرسی ناوەندی دیانا، بە زاری كرمانجی راگەیاند” گرنگی دان بە ئافرەت لە هەموو بوارەكان كاری لە پێشینەی ئێمەبووە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی زۆرترین خول و سمینار بكەینەوە، ئێستا ناوەندەكەمان خولێكی بێبەرامبەری بۆ 15 ئافرەت كردووەتەوە، بۆ دوو هەفتە راهێنان بەو كچ و ژنانە دەكرێت كە بەشدار بوونە”.
بەرپرسی ناوەندی دیانا، دەشڵێت” كردنەوەی هەر خولێك پێویستی بە لایەنی ماددی هەیە، دوای ئاگاداركردنەوە و سەردانی كردنمان بۆ لای سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران پاڵپشتی خۆیان بۆ هەركارێك كە ببێتە هۆی خزمەتكردنی گشتی دەربڕی و سپۆنسەری خولەكەشیان لە ئەستۆگرت”.
هندستان حوسێن، دەیەوێت لەو چەند رۆژە فێری پیشەی شوفێری بێ دەڵێت:” كردنەوەی وەها خولێك بۆ ئێمەی ئافرەت گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە لەبەر ئەوەی زۆر كەس حەز دەكات فێری ئەم پیشەیە بێت، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی دارایی ناتوانێت بەشداربێت مەرجیش نییە ئەوانەی فێری شوفێری دەبن خاوەن ئۆتۆمبێلی خۆیان بن، چونكە شوفێری كارێكی پێویستە و گرنگە هەموو تاكێك بزانێت.
حەلیمە نەسروڵا، بەشداربوویەكی ترە ئاماژە بەوەدەكات” لە نووسینگەكان ئەگەر بتەوێ خۆت فێری شوفێری بكەی دەبێت بۆ ماوەیەكی كەم بڕی 180 هەزار دینار بدەی ئەمەش پارەیەكی زۆرە و داوادەكەین خولی لەمجۆرە بەردەوامی هەبێت، بۆ ئەوەی زۆرترین ئافرەت سوودی لێ ببینێت”.