زاری كرمانجی- سۆران:
بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند : تەواوی ئامادەكارییەكان كراون بۆ ئەمساڵی خوێندن و هیچ كێشەیەكمان نییە و لەوادەی خۆیدا پرۆسەی خوێندن بۆ ساڵی نوێ دەست پێدەكات، بە بەشداری ملیۆنێك و 750 هەزار قوتابی و نزیكەی 150 هەزار مامۆستا.
سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند” ئامادەكاری تەواو بۆ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن كراوە و لە 1-9 سەرجەم مامۆستایان دەست بەكاربوون و هەموو قوتابخانەكان ئامادەن و ئەو شوێنانەی پێویستیان بەنۆژەنكردنەوە هەبووە كراوە و پەرتووكی نوێ چاپكراوە و ئەوەی رێنماییە دەرچووە، بۆیە ئامادەكارییەكان زۆر باشكراون”.
لە بارەی رۆژی دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنیش گووتی ” ١٤ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن لەسەرجەم قوتابخانەكان دەستپێدەكات و ئەم چەند رۆژە دیاریكراوە كە مامۆستایان و قوتابیان خۆیان رێكبێخن و هەرچی پێویستە ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پرۆسەی خوێندن دەستپێبكەن”.
لە بارەی ژمارەی قوتابیانی ئەمساڵیش گووتی ” نزیكەی ملیۆنێك و ٧٥٠ هەزار قوتابیمان هەبوو، لەگەڵ مامۆستایانیش بەوانەبێژانەوە دەگاتە نزیكەی 150 هەزار مامۆستا، كە ئەمساڵ دەوام دەكەن و وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە”.