زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاری دا بە دامەزراندنی 2721 كەس بۆ پاسەوانی سنوور، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە رێگەی لینكی تایبەتەوە، فۆڕمی دامەزراندنیان پڕ كردووەتەوە.
عەقید كاروان خۆشناو، وتەبێژی ناوچەی یەكی پاسەوانی سنووری عێراق ڕایگەیاند، دوای تەواوكردنی رێكارەكان لەلایەن دەستەیەكی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەندیی بەو كەسانەوە دەكرێـت كە كۆدیان بۆ هاتووەتەوە و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەكرێت بەپێی مەرج و رێنماییەكان كە دانراوە.
بە پێی زانیارییەكانی وتەبێژی ناوچەی یەكی پاسەوانی سنووری عێراق كەسانێك دەیانەوێت بازرگانی بە پرۆسەی دامەزراندنەكەوە بكەن، بۆیە هۆشداری دەداتە ئەوانەی كە فۆڕمەكەیان پڕ كردووتەوەو دەڵێ: “ماوەی چەند رۆژێكە زانیارییمان هەیە كە كەسانێك پەیوەندیی دەكەن و داوای پارە لەو هاوڵاتییانە دەكەن كە فۆڕمیان پڕكردووەتەوە و پێیان راگەیاندوون كە بڕە پارەیەك بدەن ناویان لە دامەزراندن دێتەوە، بۆیە داوا دەكەین هیچ كەسێك پارە نەداتەوە ئەو جۆرە كەسانە، چونكە بەناوی دامەزراندنەوە فێڵ لە هاووڵاتییان دەكەن”.