یاریی بۆ زۆرێك لەیانەكانی كوردستان كردووە و دەستكەوتی گەورەی هەبووە
“شانازی بەو ساتە دەكەم كە وەك كوردێك شارەی كاپتنی هەڵبژاردەی عێراقم لەشان كرد”
شەهدە فاتیح ـ زاری كرمانجی:
یەكێك لەو خانمە دیارانەی كوردستان كە گرنگییەكی زۆری بەبەهرە شاراوەكانی داوە و، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو خەونی گەورە سەركەوتووە. لەئێستادا یاریزانی قوە جەویەی عێراقییە و دەیهەوێ، جەویە بكاتە سەكۆی گەیشتن بە خەونی مەزنتر.
دەریا دارا، لەدایكبووی ساڵی 1993 ـی شاری سلێمانییە، یەكێكە لە یاریزانە باش و ناودارەكانی كوردستان و عێراق، دەرچووی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشە، وەك زۆرێك لەیاریزانەكانی دیكە هەر لەمناڵییەوە حەز و خولیای بۆ وەرزش هەبووە، ئەوەش وایكردووە بەردەوام بێت و دەیان دەستكەوتی مەزن بەدەست بهێنێت كە ماوەی 15 ساڵە ئاشنای بواری وەرزشە و خزمەتێكی باشی كردووە. دووجار بەشداری خولی راهێنانی كردووە لە سلێمانی و جارێكیش بەشداری خولی راهێنانی باسكەی كردووە لەوڵاتی ئەمریكا.
دەریا لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، چیرۆكی ژیانی وەرزشی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ” سەرەتای یاریكردنم كوچە و كۆڵانەكان بوو كە لەگەڵ هاوڕێ كوڕەكانم یاریم ئەكرد، پاشان بەردەوام بووم و لەچالاكییەكانی قوتابخانە و دووساڵ هەڵبژێردرام بۆ پەروەردەكانی سلێمانی لەتۆپی پێ بۆ فوتساڵی كچان و تۆپی دەست، كەتوانیمان لە هەردوو ساڵەكە پلەی یەكەم بەدەست بێنین. لەساڵی 2008 بەهۆی گرنگینەدان بەتۆپی پێ، روومكردە یاریی باسكە لەقوتابخانەی گزنگ لەوێ بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بووم، دواتر لەساڵی 2009 بەمەبەستی بەشداریكردن لە كەمپێكی مەشق و راهێنان گەشتی ویلایەتی تێنسیم كرد لەوڵاتی ئەمریكا. لەبەر حەز و خولیام بۆ وەرزش ساڵی 2012 ڕوومكردە یانەی ئافرۆدێتی شاری سلێمانی، ماوەی دوو ساڵ لەو یانەیە بووم و دواتر لەساڵی 2014 روومكردە یانەی ئافرەتانی هەولێر كەتوانیمان بۆ جاری یەكەم پلەی یەكەمی خولی فوتساڵی كچانی عێراق بەدەست بهێنین. لەساڵی 2016 پەیوەندیم بەیانەی گازی باكووری شاری كەركوكەوە كرد و توانیم دووجار لەگەڵ ئەو یانەیە پلەی دووەمی یاریی تۆپی پێی شەش یاریزانی بەدەست بهێنم، وە بۆ یەكەمجار پلەی یەكەمی خولی عێراقی بەدەست بهێنین لە 11 یاریزانی.
پاشان ساڵی 2017 هەڵبژێردرام بۆ هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵەوانێتی وڵاتی تاجیكستان، دواتر لەساڵی 2018 پەیوەندیم بەیانەی وەرزشی زێرەڤانی شاری دهۆكەوە كرد، كە توانیم لەگەڵی یانەكەم پلەی دووەمی خولی كوردستان بەدەست بهێنم. هەروەها سێجار دەستنیشانكراوم بۆخولی فوتساڵی پارێزگاكان كە دووجار توانیمان پلەی دووەم بەدەست بهێنین.”
خەرمانی دەسكەوتەكانی دەریا هێندە دەوڵەمەندە، كە بە دێڕێك و دوو تەواو نابن و درێژەیان پێدەدات: ” لەساڵی 2019 پەیوەندیم بەیانەی وەرزشی سێمێل كرد لەشاری دهۆك.
پاش هەموو ئەمانە گەڕامەوە سلێمانی و پەیوەندیم بەیانەی وەرزشی سیروانی نوێ ـوە كرد. دواتر لەساڵی 2021 پەیوەندیم بەیانەی وەرزشی ئافرەتانی دهۆكەوە كرد و توانیمان بۆ یەكەمین جار پلەی یەكەمی خولی فوتساڵی كوردستان بەدەست بهێنین. هەروەها لەساڵی 2022 پەیوەندیم بەیانەی دیفاع جەوی شاری بەغداوە كرد بۆخولی عێراقی پاڵەوانێتی جام، دواتر دەستنیشانكرام بۆ هەڵبژاردەی عێراق بۆبەشداریكردن لەپاڵەوانێتی فوتساڵی كچانی رۆژئاوای ئاسیا، كە لە وڵاتی سعودیە بەڕێوە دەچوو، وە بۆ من جێگەی دڵخۆشی بوو كەتوانیم وەك یەكەمین كورد ببمە كاپتنی هەڵبژاردەكە پلەی یەكەمی پاڵەوانێتییەكەمان دەستەبەر كرد. دوای ئەوە پەیوەندیم بەیانەی نەوتی باكووری شاری كەركوكەوە كرد بۆ بەشداریكردن لەپاڵەوانێتی یاریگەی گەورەی رۆژئاوای ئاسیا لەوڵاتی ئەردەن، كە وەك تاكە نوێنەری عێراق بەشداربووین و توانیمان پلەی سێیەم بەدەست بهێنین.”
گرێبەستی لەلای شۆخان پێگەیشتووە، بەڵام رەتیكردوەتەوە.
دەریا پشتراستی دەكاتەوە: “سەرەڕای ئەوەی لەسعوودییەوە گرێبەستم بۆ هات، بەڵام رەتمكردەوە و لەئێستادا بۆ خولی فوتساڵی كچانی عێراق پەیوەندیم بەیانەی قوە جەوییەی شاری بەغداوە كردووە.”
دەریا، خانمێكی سەركەوتوو و یاریزانێكی بەهێزە، بەگوتەی خۆی دەڵێ كە یاریزانێكی زۆر نامەی بۆ دەنێرن و رێنمووییان دەكات كەبێنە بواری وەرزشەوە، بەتایبەتی یاریی فوتساڵ، هەركەسێكیش بەهرەی تۆپی پێی هەبێت هاوكاری دەكات تابەردەوام بێت و هەوڵ بدات، پلانیشی هەیە لەداهاتوودا فێرگەیەك دابمەزرێنێت و ببێتە راهێنەر، بۆ ئەوەی بتوانێت وەرزشی خانمان بەرەو پێش ببات.”
یاریزانە كەم وێنەكەی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، كەلەژێر دەستی زۆر راهێنەری خودان ئەزموون و ژێهاتیی یاری كردووە، بۆیە قورسە كە بڕیار بدات ڕاهێنەرێكی باش هەڵبژێرێت، چونكە هەریەكەیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، پێشیی وایە باشترین یاریزان لاڤان محەممەدە لەشاری دهۆك كەهەمیشە سەرسامی یاریكردی بووە و ئێستا وازی لەیاریكردن هێناوە، وە لەئێستادا باشترین یاریزان دێرین مەحمودی شاری كەركوكە.
خانمی ناوبراو سوپاسی راهێنەرەكانی دەكات و دەڵێت: ” سوپاسی هاوڕێی ئەزیزم مامۆستا شەمام ڕاهێنەری گۆڕەپان و مەیدانی یانەی سیروانی نوێ دەكەم كەهەمیشە بەزانیارییە بەسوودەكانی هاوكار و پاڵپشتمە، وە مامۆستا رەوەندی ئەزیز كە بەزانیاری و كۆرسەكانی بێ بەرامبەر هاوكارمە سوپاسییان ئەكە. سوپاسی خێزانەكەی دەكات كەنموونەی باڵای ئەون، هانی دەدەن بۆ گەیشتن بەخەونەكانی، بەتایبەت مامۆستا شەمام و برا گەورەكەی كە هەمیشە پاڵپشتی دەكەن، سوپاسی سەجەم مامۆستاكانی قوتابخانەیی و چەند مامۆستایەكی دیكەی بەتوانای بواری وەرزش دەكات كەهاوكاری بوون بۆ ئاشنابوون و هاتنە ناو وەرزش.
هەروەها باس لەوەش دەكات، كە هەموو كوردێك خەون بەوەوە دەبینێت بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی خۆی یاریی بكات و تامەزرۆیە رۆژێك بتوانێت بە ئاڵای كوردستانەوە یاریی بكات. دەشڵێت، “لەوڵاتان وەرزش پیشەیە و سەرچاوەی داهاتە، بەڵام لەكوردستان زیاتر بەهۆی حەز و خولیاوەیە، بەتایبەتی بۆ خانمان، كەبەم دواییانە پشتگوێ خراوە و بەجێگەی نیگەرانی دەزانێت، چونكە پێی وایە ژمارەی وەرزشوانان لەكەم بوونە و یانەكان باری داراییان باش نییە، ئامادەش نین یاریزانی نوێ دروست بكەن، هۆكارەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە فێرگە و پلانیباشمان نییە و تەنها لەكاتی بەڕێوەچوونی خولەكان گرنگی بەیاریزانان دەدرێت، ئەمەش هۆكاری دابەزینی ئاستی یاریزانانە.
ئەم خانمە داواكارە كە یانەكان گرنگی زیاتر بەوەرزشی كچان بدەن و داوا لە بەرپرسان دەكات بێنە سەرخەت و ئاوڕێكی جددی بۆبەرەو پێش چوونیان بدرێتەوە، وە داوا لەكاربەدەستانی وەرزش و یەكێتی تۆپی پێی كوردستان دەكات كە بەرنامە و چالاكییەكان زیاتر بكەن و پلانیان بۆ بەهێزتركردنی وەرزشی كچان هەبێت.
فوتساڵ یارییەكی تۆپی پێیە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1930 یەكەم یاری لە وڵاتی بەرازیل بەڕێوەچوو. هەڵبەتا كوردستانیش بێ بەش نییە لەو وەرزشە، ساڵانە خول و پاڵەوانێتی فوتساڵ ئەنجام دەدرێت یانەكان ركابەرێتی لەسەر بردنەوەی ئەوە نازناوەكە دەكەن.