زاری كرمانجی-سۆران:
پارێزەر و یاساناسێكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باس لە سزاو تاوانەكانی ماددەی هۆشبەر دەكات و دەشڵێت، یاسایەكی نوێ لە هەرێمی كوردستان هەیە، جیا لەوەی جیاوازی لە نێوان ماددە هۆشبەرەكان كردووە و شڕۆڤەی كردوون، لەگەڵیشیدا سزای لەبار و سەختی بۆ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە داناوە.
محەمەد كەریم، پارێزەر، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” ماددە هۆشبەرەكان بابەتێكی جیهانی ئاڵۆز و پڕ لە گرفتە، چونكە مەترسی گەورە دەخاتە سەر كۆمەڵگە، مرۆڤایەتی بەرەو تاوانكاری و كاری ناپەسند و سەرەنجام لەناوچوون دەبات، هەر بۆیە جێگەی باسی توێژەر، یاساناس، دەروونناس و كۆمەڵناس…هتد”.
گووتیشی: ” خۆشبەختانە یاسایەكی نوێ لە هەرێمی كوردستان هەیە ژمارە (1)ی ساڵی 2020 كە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان ئەم یاسایە جیا لەوەی جیاوازی لەنێوان ماددە هۆشبەرەكان كردووە و شڕۆڤەی كردوون، لەگەڵیشیدا سزای لەبار و سەختی بۆ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە داناوە، كە لە یاساكەدا هاتوون، تایبەتیش ماددەكانی (25-26) كە سزای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتایی بۆ داناون لە ماددەی (25)، تایبەت بۆ پرسی هاوردە و هەناردە و بەگشتی بازرگانیكردن بەو ماددانەی كە لە خشتەكانی ئەم یاسایە هاتوون”.
هەروەها دیسان لە ماددەی 26 سزای زیندانی هەتایی یان زیندانی كاتی و پێبژاردن كەمتر نەبێت لە 30 ملیۆن و زیاتر نەبێت لە 90 ملیۆن بۆی داناون، ئەوانیش بەكارهێنان و گواستنەوە و دەستداری و هەموو ئەو حاڵەتانەی كە یاسا دیاریكردوون، هەروەها جۆری ماددە هۆشبەرەكانیش، ئەوانەشی مۆڵەتییان هەیە و بۆ مەبەستی دیكە ئەم ماددانە بەكاردێنن”.
ئەو پارێزەرە، ئاماژەی بەوەشكرد:” جیا لەمەش سزای تایبەتیش بۆ دەرمانساز و لایەنە پزیشكییەكان داناوە، كە لەبەر كورتیی مەودای بابەتەكە ناتوانم بەدرێژی لێی بدوێم و خاڵەكان دابنێم، بەڵام هەر سزای زیندانی و پێبژاردنی دیارنەكردووە، بەڵكو دەستبەسەرداگرتنی ماددەكان و سەرمایەی كەسەكان، هەروەها سەرمایەی منداڵ و خێزانیشیان دەخرێتە ژێر لێكۆڵینەوە، گەر هاتوو لەو سەرچاوەیە پەیدابووبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت”.