موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
لە قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەریەخۆی سۆران، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان، هاوكاری بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەی باكوور و رۆژئاوای كوردستان کۆدەکرێتەوە.
کۆکردنەوەی کۆمەک و هاریکاری لەو قەزایە، لە کاتێکدایە، لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستان ئەو هەڵمەتە دەستی پێکردووە و خەڵک بەشێوەی فراوان بەشداری دەکەن و جیا لە پارە، شت و مەکیش دەبەخشن.
ئیحسان چەلەبی قایمقامی قەزای سیدەکان بەوەکالەت، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” ئەمڕۆ لە بەردەم قایمقامیەت کەمپینی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریمان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەی توركیا و سوریا راگەیاندووە .
قایمقامی قەزای سیدەکان، دووپاتی کردەوە:” خەڵکی سنوورەکەمان لە هەموو کەمپینێکی هاوکاری هاوکار و پاڵپشت بوونە، لە رۆژانی رابردووش لە رێگەی مزگەوتەکانی دەڤەرەکەمان بڕە پارەیەکی زۆر کۆکرایەوە.
گووتیشی:” ئەم هەڵمەتەش بۆ ماوەی هەفتەیەک لە بەردەم قایمقامیەت بەردەوامی دەبێت، داواکارین لە خێرخوازو مرۆڤ دۆستانی سنوورەکەمان، بەپێی توانا كۆمەك و هاوكارییەكانیان ئازوقە و خۆراک، جل و بەرگ و پێداویستی ببەخشن کە دڵنیاین لەو کەمپینەش پێشوازی گەرم دەکەن .
جیا لەو کەمپینەی سەنتەری سیدەکان، لە گوندی نزاری دەشتی هێرتیش لە دەڤەری برادۆست، بەهەمان شێوە دەستی پێکردووە و بڕێکی باش لە کەل و پەل و پێداویستی کۆکراوەتەوە .