مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بیستنی دەنگێك لە بۆشایی ئاسمانەوە تیمێكی گەردوونناسی ئوسترالی تووشی دڵەراوكێ و سەرسوڕمان كردووە.
دەنگێك كە 18 خولەك جارێك لە بۆشایی ئاسمان دووبارە دەبێتەوە، زانایانی گەردوونناسی تووشی دڵەراوكێ كردووە. تیمێكی گەردوونناسی ئوسترالی دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی ئەو دەنگە نەناسراوە، تووشی سەرسوڕمان بوون كاتێك تەنێكی نامۆیان لە بۆشایی ئاسمان بەدیكرد، تەنەكە چوار هەزار ساڵی رووناكی لە زەوییەوە دوورە و لە هەر 18 خولەكێكدا جارێك سیگناڵ بۆ سەر زەوی دەنێرێت.
رۆژنامەی دەیلی مەیل ی بەریتانی، لە هەواڵێكی دا دەڵێ: “دۆزینەوەكە بۆ یەكەمجار زانای فیزیای ناتاشا هێرلی تووشی سەرسوڕمان كرد، كە دەڵێت، (سەرەتا پێمانوابوو كە بەڵگەیە لەسەر بوونی ژیانی دیكە لە دەرەوەی زەوی).”
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی ناوبراو :”دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە ئەو تەنە نامۆیە هەر سێ كاتژمێر جارێك تەقینەوەیەكی زەبەلاحی وزەی تێدا روودەدات و وزەیەكی زۆر بڵاودەكاتەوە.”
گەردوونناسان باس لەوە دەكەن كە تا ئەمڕۆ هیچ شتێك لە ئاسماندا هەست پێ نەكراوەو نەدۆزراوەتەوە كارێكی لەم شێوەیە بكات، بۆیە سەرەتا بۆ ئەوان جێگەی ترس و دڵەراوكێ بووە، لەبارەی ئەم تەنەوە دەڵێن:”رەنگە ئەستێرەیەكی نیوترۆنی بێت و كێڵگەیەكی موگناتیسیی زۆر بەهێزی هەبێت كە بە (ئەستێرەی موگناتیسی) ناسراوە.”
زانایان پێیان وایە هێشتا زۆر شتی نەهێنی و نەناسراو لە بۆشایی ئاسماندا ماوە كە هەستیان پێ نەكردووە و پێویستی بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە.