زاری كرمانجی- سۆران:
فەرماندەیەكی باڵای هێزی پاراستنی ژینگە رایگەیاند: هەر چەندە ئێستا هاووڵاتییان زیاتر پابەند بوونە بە پاراستنی ژینگە، بەڵام دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت بە ژینگەش بە پێویست دەزانێت.
عەمید سامی سابر، فەرماندەی هێزی پاراستنی ژینگە بۆ ماڵپەڕی پارتی دیموكراتی كوردستان دواوە و ئاماژەی بەوەداوە ” ئێستا هاووڵاتییان زۆر باشن بۆ پاراستنی ژینگە هەم بۆ داربڕین و هەمیش بۆ ڕاوكردن و بەراورد بەساڵانی رابردوو٧٠% پابەندبوون بەژینگە زیادی كردووە”.
عەمید سامی زیاتر روونیكردۆتەوە ” ئەوەی سەرپێچی بكات سزای ماددی دەدرێت بەپێی جۆری سەرپێچیەكە، بڕیارە یاسای ژینگەی هەموار بكرێتەوە و سزاكان توندتر بكرێن و دادگایەكی تایبەت بە ژینگەش دامەزرێت كە زۆر پێویستە، چونكە دادگاكانی دیكە كاری تاوانی دیكە ئەنجامدەدەن”.
فەرماندەی هێزی پاراستنی ژینگە زیاتر دواوە و گووتوویەتی “گرنگی زۆر بەدارچاندن دەدرێت و ئەوەی كارگەیەك دامەزرێنێت پێویستە كۆمەڵێك داربچێنێت و پاراستنی دارەكانیش بەتایبەت لەوەرزی هاوین زۆر باشە و بۆ ڕاوكردنیش چاودێریەكی باش دەكرێت، بۆیە پاراستنی ژینگە ئێستا زۆر زۆر باشتر بووە لەگەڵ رابردوو و خەڵك خۆی ژینگە دەپارێزێت”.
عەمید سامی سابر لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەداوە”بڕیارە یاسای ژینگەش هەموار بكرێتەوە و دادگایەكی تایبەت بەئەو كەسانە دابندرێت كە سەرپێچی ژینگە دەكەن، چونكە دادگاكانی دیكە كاری دیكە ئەنجام دەدەن، بۆیە ئەوە پێشنیاری ئێمە بووە لەبەر ئەوەی ناكرێت بێ دادگا لەخۆتەوە خەڵك بۆ ماوەیەك بگری تا كەیسەكەی یەكلایی دەكرێتەوە یا ئەوەی دار باردەكات مۆڵەتی لێ وەرگرێتەوە، بۆیە زۆر رێكار هەن پێویستە لەرێگەی ئەو دادگایەوە بێت”.