شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
بە شێوەیەكی ئاسایی دایك و باوك بە هۆكاری هۆشیار و نائاگایی یەكێك لە منداڵەكانیان یاخود بەهۆی پەككەوتنی ئەم منداڵە زیاتر لە وانی دیكە گرنگی پێ دەدەن و خۆشییان دەوێت، هەندێك جار رەگی جیاكاری نێوان منداڵان دەگەڕێتەوە بۆ نەوەكانی پێشوو بۆ نموونە گرنگیدانی زیاتر بە منداڵی نێر و هەندێك جار تەنها بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەردەكەوێت، چاوەڕوان دەكرێت ئەو خێزانە یەكێك بێت لە دامەزراوە كۆمەڵایەتییە سەرەكییەكان كە هەستی سەربەخۆیی و خۆشەویستی و پشتیوانی بۆ ئەندامەكانی دابین دەكات، خێزانێكی باش پێویستە هەموو ئەندامانی خۆی بە یەكسانی بپارێزێت و پێداویستییە رۆحی و جەستەییەكانیان دابین بكات، بەداخەوە لە جیهانی راستەقینەدا زۆرجار ئەمە وا نییە و لە دونیای راستیدا رەنگە گرنگییەكی تایبەت بە منداڵێك بدرێت، لە كاتێكدا منداڵێكی دیكە پشتگوێ بخرێت یان مامەڵەی نادادپەروەرانەی لەگەڵدا بكرێت.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، لەمبارەوە بە زاری كرمانجی دەڵێت” نابێ هیچ منداڵێك زیاتر لەوەی دیكە خۆشبوێت، پێویستە لای دایكان و باوكان بە یەكسانی بڕواندرێتە هەموو ئەندامانی خێزان، چونكە هەموو منداڵەكان خۆشەویستن و نابێ لەم خۆشەویستیە بێ بەش بكرێن، هەر بۆیەش پێویستە دایكان و باوكان زۆر ئاگاداری ئەم خاڵە بن بۆ ئەوەی منداڵەكانیان تەندروست بن و كێشەی دەروونیان بۆ دروست نەبێت، لە نەخۆشی و كۆمەڵێك كێشە و گرفت بەدووربن، بۆیەش پێویستە جیاوازی نەكرێت لە نێوانیان، بەتایبەت لەنێوان كچ و كوڕ، ئەم جۆرە نایەكسانیە دەروونی منداڵ تێكدەدات تەنانەت هەندێ جار دەبێتە رق و كینە بەرامبەر بە ئەندامانی خێزانەكە، بۆیەش داوا لە دایكان و باوكان دەكەم بۆ ئەوەی منداڵەكانیان تەندروست بن و دەروونێكی ئارامیان هەبێت و تووشی گرفتە نەخوازراوەكان نەبن پێویستە یەكسانی هەبێت لە نێوان هەریەك لە منداڵەكان.