نووسینی: خاتوون چۆمانی، قوتابی قۆناغی سێیەم، بەش/ زمان و ئەدەبی كوردی؛ فاكەڵتی/ ئاداب، زانكۆی سۆران.
خوێندنەوە یەكێكە: لە خاسییەتەكانی جیاكردنەوەی ئاست و پێگەی هزری و ئەقڵی تاكەكانی نێو كۆمەڵگا، یاخود هۆكارێكە بۆ پێشخستنی كۆمەڵگا و زیادكردن و پەرەپێدانی توانا و لێهاتووی تاكەكانی كۆمەڵگا بە گشتی و قوتابییانی زانكۆ بەتایبەتی. چونكە یەكێك لە ئامانجەكانی زانكۆ دروستكردنی تاكێكی پسپۆر و شارەزایە لە بوارێكی دیاریكراو. كە ئەمەش بەهۆی خوێدنەوە و گەڕان بە دوایی زانیاری فەراهەم دەبێت.
هەر بۆیەش كاتێك باس لە گرینگی خوێنەوەی كتێب دەكەین تیشك دەخەینە سەر قوتابییانی زانكۆ، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا تاكێكی سوودبەخش و لێهاتوو بەرهەمدار دروست ببێت. كە سوودی بۆ خۆی و كۆمەڵگا هەبێت. بێگومان كتێب وەك خۆراكێكی ئەقڵی وایە. یارمەتیدەرێكی بێهاوتایه. تاوەكو خوێندنەوەت زیاتر بێت توانا و كارامەیشت زیاتر دەبێت. بە گوێرەی ئەوەی هەموو خوێندەوەیەك پێویستی بە دەستەبەركردنی كاتە، بۆیە گرینگە پێش هەموو شتێك بیر لە ڕێكخستنی كاتەكانمان بكەینەوە. لەبیرمان نەچێت كات پێكهاتەیەكی بیركردنەوەی خۆمانە و بە تەواوەتی ڕێژەییە. بەرەنجامی بیركردنەوەمانە بەتەواوەتی ئەوە تۆی كە كاتەكاتن هەڵدەسوڕێنیت، بۆیە پێویستە بیركردنەوەكانت بەباشی هەڵبژێری و تیشك بخەیتە سەر چۆنییەتی هۆشیاربوونەوەت. یەكێك لە دەرفەتە باشەكانی خوێندنەوەی كتێب پشووی هاوینه. ماوەیەكی گونجاو دیاركراوە بۆ گرینگیدان بە خویندنەوە. هەر چەند بیركردنەوەی جیاجیا هەن بۆ ڕوانین لە وەرزی پشوو، بە گوێرەی مرۆڤەكان لیكدانەوەكان بۆ ئەم بابەتە دەگۆڕێت بۆ نموونە: لای هەندێ كەس خولەكێك وەكو هەمووی تەمەنی گرینگه، كەچی لە ڕوانگەی كەسێكی دیكەوە هەموو تەمەنی وەكو خولەكێك وایه، بۆیە هەڵسوڕاندنی كات لێهاتووییەكە لە لێهاتووییەكانی ژیان، هەروەها تواناداری تۆ دەنوێنێت بۆ پێكهێنان و برەودان بە ژیانت. شتێكی گرینگ هەبێت كە جێگەی ئاماژەدان بێت نموونە: گریمان قوتابییەكی زانكۆ بارودۆخی ماددی بە گوێرەی پێویستە یاخود پێویست نییە ئەمە گرینگ نییه گرینگ ئەوەیە دەیەوێت وەك گەنجێك كار بۆ داهاتووی خۆی بكات، لە هەمان كاتیش دا پەرتووكێكی كاریگەری كڕیوە بۆ ئەوەی لە پشووی هاویندا بیخوێنیتەوە، بەڵام جار دوای جار خویندنەوەكەی دوادەخات، چونكە كاتی تەواوی نییە، لەم حاڵەتەدا تاكە ڕێگە رێكخستنی سیستەمی خشتەی كاتەكانتە، ئەبیت لیستێك دابنێت بەپێی پێویستی دۆخەكەت گرینگترینیان ئەنجام بدەی. بیرمان نەچێت بارودۆخەكان دەست دەگرن بەسەر ژیانماندا. هەمیشە وەك زەنگیك لێدەدەن ڕەنگە ڕێك لەو ساتەدا بێت كە كارەكانت ئەنجام دەدەی، لە بری ئەوەی بارودۆخەكەت بكەیە لەمپەرێك، فێری بەكاهێنانی كات بە لە خزمەت ئامانجەكانت. مەرجیش نییە قوتابییانی زانكۆ لەبەر بارودۆخییان لە خوێندنەوە دوور بن، ڕەنگە بەهۆی سروشتی هاوین بێت، كە قوتابی حەز بكات قەرەبووی ماندووبوونی خوێندنەكەی بكاتەوە و پشوو بدات، بۆیە حەز دەكات گەشت بكات، بچێتە دەرەوە، وەرزش بكات، یان هەر كارێكی دی كە ئاسوودەی پێدەبەخشێت ماندووبونەكانی لەبیر بباتەوە. ئەمانە هەموویان شتانێكی خراپ نین ئەگەر زێدەڕۆی تێدا نەكرێت و هاوسەنگی بپارێزی. گرینگ ئەوەیە ئەم پشووەی لەبەر دەستایە وەكو قوتابییەك بیركردنەوەت چڕبكەیتەوە لەسەر خوێندنەوەی كتێب، كە گرینگترین ئامانجی قوتابییانە بۆ سەركەوتن لە زانكۆدا، لە ئەگەری خەمساردی لە خوێندنەوەی كتێبدا ڕۆژێك لە ڕۆژان هەست بە دڵەڕاوكێ دەكەی، ئەگەری زۆری هەیە هۆكارەكەی ئەوەبێت، گەیشتووی بەو بڕوایەی ئەو كاتەی بۆت دەستەبەر بووە لە پشووی هاویندا سوودت لێی وەرنەگرتووە ئەگینا ئێستا ببویت بە كەسێكی سەركەوتووتر. ڕەنگە تۆ لەو ساتەدا هێزی بیركردنەوەت ئاڕاستەی شتێكی هەنووكەیی و ماوە كورت كردبێت، كە ئەمەش لە زیانی خۆی دایە. پێشینیان وتوویانه: كات وەك شمشیر وایە گەر نەیبڕیت ئەت بڕێت. بەداخەوە یەكێك لە گەورترین هەڕەشەكانی سەر كۆمەڵگا نەزانی بەكارهێنان و مامەڵەكردنێكی نادروستانەیە لەگەڵ ئامێرە تەكنەلۆجییاكانی سەردەمدا. بە جۆرێك ئەم ئامێرانە پشكی شێریان بەركەوتووە لە كات بەفیڕۆدانیاندا. چەندین گەنج هەن بە چەندین سەعات بەدیار تەكنەلۆجییا و دونیایی مۆدێرین دادەنیشێت، بەڵام ئامادە نییە لە ڕۆژێكدا چارێگێك بخوێنێتەوە. ئەمە لەلایەك و خەمساردی و شكستی پەروەردەی و ئیداریش بەلایەكی ترەوه. ئەوەی دەتوانێ هاندەر و یارمەتیدەری بێت مامۆستایانی زانكۆ، لایەنی پەیوەندیدار، بەپرسی ئاستی هۆشیاری قوتابییانی زانكۆ، ناوەندەكانی چاپ و چاپەمەنی، دەزگاكانی ڕاگەیاندنن، لەسەرووی هەموویانەوە تۆی قوتابی لەوەی، كە ئەو دەرفەتە بەكاردەهێنیت و سەركەوتن بەدیبهێنیت لە زیادكردنی زانیاری لە دونیایی زانیندا.