دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاپۆرتێکی 16 لاپەڕەیی دەربارەی هاوکاریی زیانبەرکەوتوانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سووریا بڵاو کردەوە کە پێک هاتووە لە پێشەکی، داتا و زانیاری و وێنە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لەژێر ڕێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی دامەزرێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تیمەکانی ڕزگارکردنی دامەزراوەکە و کاروانەکانی فریاگوزاری، ڕۆژی دووشەممە 6ی شوباتی 2023 بەرەو تورکیا بەڕێ کەوتن بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەمڕۆ 11/2/2023 کاروانی هاوکارییەکان کە پێک هاتوون لە 12 بارهەڵگر ئاوی خواردنەوە و دەرمان و خواردنی ئامادەکراو و جلوبەرگ و ماددەی پاککەرەوە چوونە ناو سنووری سووریا و لەلایەن تیمەکانی ڕێکخراوی خێرخوازیی بارزانییەوە دەست بە دابەشکردنی ئەو هاوکارییانە کرا.
تیمە ڕاهێنراوەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێک هاتوون لە تیمی پزیشکی و تیمی دابەشکردن و ڕزگارکردن، کە تیمی پزیشکی پێک دێت لە پسپۆڕییە جیاوازەکان و ئۆتۆمبێلی ئامبوڵانس و پێداویستییەکانی دەرمان و ڕۆژانە چارەسەری بریندارەکان دەکەن و دەیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان. تیمی دابەشکردن و ڕزگارکردنیش کە ڕاهێنانی پێویستیان لە بواری ڕزگارکردن و بەهاناوەچووندا دیوە وەک پاڵپشتی بۆ تیمی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هەروەها لە شوێنی ڕووداوەکە هاوکارییەکان دابەش دەکەن.