مستەفا دۆلەمەری- سۆران
راگری فاکەڵتی ئاداب لە زانکۆی سۆران، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ کردنەوەی هەندێک بەشی نوێ و گرنگ لە زانکۆی سۆران، بە تایبەت هەریەک لە بەشەکانی راگەیاندن، کشتوکاڵ، گەشتووگوزار، هونەرە جوانەکان، ڤێتەرنەری، پلانیشمان وایە، بەشەکانی راگەیاندن و هونەرە جوانەکان بخرێنە ناو فاکەڵتی ئاداب، هەروەها گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، ڤێتەرنەری، لە فاکەڵتیەکانی ئەندازیاری و زانست، بەڵام ئەوە ئامادەکاریەکی باشی دەوێت پێویستە زەمینەسازی بۆ بکرێت و ستافی بۆ ئامادە بکرێت، ئەو کات دەست بکرێت بە کردنەوەیان، بە ئەگەری زۆرەوە بۆ ساڵی داهاتوو چەند بەشێک لەو بەشانە دەکرێنەوە.
د. کارمەند عەبدوڵا راگری فاکەڵتی ئاداب لە زانکۆی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا:” کە چەند بەشێک بۆ داهاتووی قوتابییانی ئیدارەی سۆران گرینگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەشی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار زۆر گرنگن بۆ ئەو دەڤەرە، چوونکە دەزانین کە ئیدارەی سۆران و هەبوونی ژمارەیەکی زۆری ناوچەی گەشتیاری و دڵرفێن، بەڵام بەهۆی نەبوونی ستاف ئەو بەشانە تا ئێستا نەکراونەتەوە لە سۆران، بۆیە پێویستە، ئامادەکاری بکرێت بۆ کردنەوەی ئەم بەشانە بە تایبەتی لە بواری ستاف و تاقیگە و هۆڵی خوێندن.