مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری ناحیەمان هەندێ گوندمان هەیە تا ئێستا قوتایخانەیان نییە، ئەمەش گرفتی زۆری دروست كردووە، بە تایبەت گوندی هەلانیا، چەندین جاریش داوامان كردووە قوتابخانەیان بۆ دروست بكرێت، بەڵام تا ئێستا هیچیان بۆ نەكراوە.
كۆڤان رەشید بەڕێوەبەری ناحیەی شێروان مەزن، گووتیشی:” ساڵانێكی زۆرە قوتابخانەكانی سنوورەكەكان كاری نۆژەن كردنەوەیان بۆ نەكراوە، بە شێوەیەكی گشتی تەواوی قوتابخانەكانمان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.
لاە خۆشیەوە، ئەحمەد محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری پەروەردەیمان ٢٢ قوتابخانە سەر خۆڵ و كابینەن، تەواوی ئەو قوتابخانانە پێویستیان بە بینایەی چوار پۆلی یان شەش پۆلی هەیە، بە پێی رێژەی قوتابیانی قوتابخانەكان، تەنانەت هەندێك لە گوندەكان بێبەشن لە قوتابخانە”.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر، گووتیشی:” ئێمە لە پەروەردەی مێرگەسۆر داواكاری ئەوانمان گەیاندۆتە لایەنی پەیوەندیدار و قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر، هیوادارین زۆرترین قوتابخانە بێنە دروستكردن لە وەرزی هاوین بۆ ساڵی خوێندنی ساڵی داهاتوو.