شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
ماوەیەكە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران، ئامێری گەرمكەرەوەیان وەك پێویست نییە و ئەمەش هاووڵاتییانی نیگەران كردووە و پێیان وایە، لە كاتی سەردانكردنیان بۆ ئەم بەشە لەبەر هۆكاری ساردی شوێنەكە زیاتر نەخۆش دەكەون، بەرپرسێكی تەندروستییش دەڵێت:” توانای چارەسەر كردنی ئەو گرفتەیان نییە و هەر ئەوەندە توانایان هەیە .
رێبوار سەیفەدین، بەرپرسی بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری، بە زاری كرمانجی گووت:” مانگانە بڕێكی كەم گازمان بۆ خەرج دەكەن، چەندین جاریش داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران كردووە، بەڵام ئەوان دەڵێن، تەنها ئەوەندە دەسەڵاتمان هەیە لەوە زیاتر بۆمان دابین ناكەن .
بەرپرسی بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری، دووپاتی كردەوە:” تەنها دەتوانین 12 كاتژمێر ئامێرە گەرمكەرەوەكانی بەشی فریاكەوتن كاریان پێبكەین، ئەگەر گازی پێویستمان هەبێت هەموو نەخۆشخانە گەرم دەبێتەوە.
لای خۆشیەوە، ئازاد ساڵح بەرپرسی كارگێڕی نەخۆشخانەی ئاشتی فێركاری سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئەگەر بمانەوێت 24 كاتژمێر كاری هەبێت، ئەوا رۆژانە پێویستمان بە 2500 لیتر گاز دەبێ، ئەمەش مانگانە پارەیەكی زۆری دەوێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆرانیش هەر ئەوەندە دەسەڵاتی هەیە كە ئەم بڕەیە دابین بكات، لە ئیدارەی سۆران نەخۆشخانەكان زۆرن و ئەمەش پارەی زۆری پێویستە”.