شەهلا ڕەشید – زاری کرمانجی:
بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران، لە بارەی منداڵە ناکامەکان و ڕێژەی منداڵانی دووانە و سیانە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: ” ڕێژەی کۆرپە ناکامەکان دیار نییە، هەروەها ڕێژەی منداڵانی دووانە و سیانە لە حەوت مانگی ڕابردوو دەیان منداڵ تۆمار کراون”.
ڕێزان باڵەک، بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران، ئاشکراشی کرد: ” ڕێژەی منداڵانی ناکام کەمە، ئەگەر ئەم حاڵەتەش بوونی هەبێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕ چارەسەریان بۆ دەکرێت لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران، ئەگەر ئەم جۆرە حاڵەتە پێویست بە نەخۆشخانەکانی هەولێر بکات ئەوه دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی منداڵان”.
ڕێزان باڵەک، ئەوەشی خستە ڕوو: ” لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو 12 حاڵەتی لە دایک بوونی دووانە و هەروەها یەک حاڵەتی لە دایک بوونی سیانە لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆران تۆمار کراون، لەم ڕێژەیەش 18 منداڵ لە ڕەگەزی مێ و نۆ منداڵیش لە ڕەگەزی نێر لەدایکبوون، سەرجەمیان لە ڕێژەی منداڵانی دووانە و سیانەدا تۆمار کراون.