مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ماوەی پێنج مانگی شۆرشی ژینا ئەمینی لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، 400 قوتابی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێران رەفێندراون و بە پێی ئامارێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تا ئێستا تەنیا ناسنامەی 186 یان ئاشكرا كراوە كە گشتیان منداڵن.
بە پێی ئەو ئامارەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردووەتەوە، دەزگا ئەمنییەكانی ئێران لە 5 مانگی رابردوو لە سەرتاسەری شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان 400 قوتابیان رفاندووە كە تا ئێستا ناسنامەی 186 یان ئاشكرا بووە.
رێكخراوی ناوبراو ئاماژە بەوەش دەكات سەرجەم قوتابییە رەفێندراوەكان منداڵن كه 32 یان كچ و 154 ی تریان كوڕن.
بەشێك لە منداڵە گیراوەكان سزای پێ بژاردن و بەندكردن و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێنراوە، هەر بە پێی راپۆرتەكەی رێكخراوی ناوبراو، بەشێكی زۆری منداڵە رەفێندراوەكانی تر ناسنامە و چارەنووسیان نادیارە.