“هیچ سەرچاوەیەكی دارایمان نییە خەڵكی هاوكاری یانەكە دەكەن”
سەردار قازی ـ چۆمان:
وێڕای خراپی كەش و هەوا و نەبوونی هاوكاری و دوورە دەستیان لە شارەكانی دیكە، یانەی (چۆمان) دەیەوێ ركابەری لەخولی یانە پلە دووەكانی كوردستان بكات و سەركەوێت بۆ ریزی یانە پلە یەكەكان، ئەمەش بە دەستكەوتێكی گرنگی مێژووی لە قەڵەم دەدرێت بۆ ناوچەكە.
لە ساڵانی رابردوو خانمانی فوتساڵی چۆمان، توانیان لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان پلەی دووەم بە دەست بێنن. بۆ ئەم ساڵیش تیمی تۆپی پێی یانەكە بە گروتینێكی زۆرەوە دەچنە ناویاریگە و ركابەرایەتی دەكەن لەسەر بەدەست هێنانی ئەنجامی شایستە لە خولی یانە پلە دووەكانی كوردستان.
عومەر عەلی، جێگری سەرۆكی یانەی چۆمان سەبارەت بە پلان و بەرنامەكانی یانەكەیان بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: ” بۆ ئەم ساڵێش كۆمەڵێك پلان و بەرنامەمان هەیە، بەڵام یانەكەمان دوورە دەستی لە شارەوە رووبەڕووی ئاستەنگ دەبینەوە. لەگەڵ دەستەی كارگێری یانەكەمان ناوەڕاستی ئەم مانگە كۆبونەوەیەكمان ئەنجامدا بۆ ئەوەی ستافی راهێنەران دیاریبكەین و وردە وردە دەست بەئامادەسازی بكەین.”
زۆرینەی یانەكانی كوردستان بەدەست نەبوونی ژێرخانی ئابوورییەكی گونجاو دەناڵێنن، یانەی چۆمانیش هەمان ئەو دۆخەی هەیە.
سەبارەت بە داهاتی یانەكەش ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕی یانەكە ئاماژەی بەوەدا، كە هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نییە بەڵكو لە لایەن چەند كەسایەتیێكەوە پشتگیریان دەكرێت، یەكێك لەوانە شاكر سمۆ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی وەرزش لەوەزارەتی رۆشنبیری، هەروەها سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڵێنی پشتگیری ماددی پێداون.
سەرەڕای هەموو ئەو كێشانە ئەم یانەیە یاریگەیەكی گونجاو نیە بۆ یاریكردن، یاریگەی چۆمان لەوەرزی زستان بەهۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما، دابارینی بەفر و باران گونجاو نییە بۆ یاریی كردن.
عومەر، گەشبینە بەوەی ئەمساڵ یانەكەیان ئامانجەكەی دەپێكێت و دەڵێت: “پلانمان هەیە گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێكی بەتوانا و خودان ئەزموون واژۆ بكەین.”
سەرەڕای نەبوونی لیژنەی تیپە میللیەكان لە چۆمان كە ببێتە مایەی پاڵپشتیەكی بەهێز بۆ یانەكە، بەڵام عومەر پڕۆژەی چارەسەری هەیە و جەختی لەسەر دەكاتەوە، “بۆ ئەوەی ژێرخانێكی وەرزشی دروست بكەین لە دەڤەری باڵەكایەتی پێویستی بە چەند فاكتەرێكی گرنگە، لەوانە چارەسەر كردنی لایەنی دارایی و قەیرانی یاریزان، نەبوونی بەشێكی وەرزشی لە چۆمان، چونكە یاریزان لە هەمان كات دەتوانێت بخوێنێت و دوای خوێندن بگەڕێتەوە بۆ مەشق و راهێنانەكانی.
هەروەها داوا لە بەرپرسی ناوەندی باڵای لاوانی باڵەك دەكەین، بە هەماهەنگی لەگەڵ یانەكەمان، لیژنەی تیپە میللییەكان لە چۆمان پێك بهَنین، كە بەهۆیەوە دەتوانین سود لە یاریزانانی ناوخۆی چۆمان وەرگرین، ئەو كاتە یاریزانان بە گور و تینەوە یاریی بۆ یانەی دەڤەرەكەیان دەكەن.”
جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی چۆمان، خۆی سەرپەرشتی فێرگەی یانەی چۆمان دەكات: “فێرگەیەكمان هەیە كە رەهەندە سەرەتاییەكانی تۆپی پێ قۆناخ بەقۆناخ بەیاریزانان دەڵێینەوە، دەمانەوێ سود لە یاریزانە تازە پێگەیشتووەكان وەربگرین، لەسەرەتادا ژمارەی فێرخوازەكانم دەگەیشتە (61) كەس، بەڵام بەهۆی نزیك بوونەوەمان لە وەرزی سەرما و خوێندن هەروەها نەبونی هوڵێكی وەرزشی داخراو كە ناتوانین راهێنانەكان بەباشی ئەنجام بدەین، بۆیە رێژەكە داكشاوە لەوەش نیگەرانم، چونكە ماندوو بوونی سێ وەرزمان بەهەدەر دەچێت، پێویستە رەچاوی ئەو لایەنەمان بۆبكەن.”
قسە لەسەر رەوشی تیمی خانمان دەكات : “نەبوونی چالاكی فوتساڵی خانمانەوە هۆكارەكەی دەگەڕێنمەوە بۆ نەبوونی پاڵپشتی دارایی تاوەكو ئێستا هیچ پلانێكمان بۆی نیە. لەهونەرە جەنگییەكان و بەتایبەت لە یاری (تایكواندۆ) لە پلەی یەكەم داین، وەك هەموو یانەكانی دیكە بێ كەم و كوڕی و بێ دەسكەوت نەبووین.”
عومەر عەلی، لەپەراوێزی ئاخاوتنەكانی ئەوەش باس دەكات: “هۆڵی تایكواندۆی باڵەكایەتیمان هەبووە بە بەردەوامی بانگهێشتی یاریزانانی هونەری جەنگیمان كردووە بێن لەوێ مەشق و راهێنانەكانیان ئەنجام بدەن، بەڵام بە هۆی هۆكاری تایبەتی خۆیانەوە رەتیان كردۆتەوە.”
جێگری سەرۆكی یانەی چۆمان، پێزانین ئاراستەی هەموو ئەو لایەنانە دەكات پشتگیری یانەكەیان كردوون، داواكارە لە هاندەران پاڵپشتی بەردەوامی یانەكەیان بن بۆ ئەوەی بگەن بە پلەی خولی پلە یەكی كوردستان.