پشتیوان كەریم – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران لە سەر ئاستی ئیدارەی سۆران هەڵسا بە ئەنجامدانی خولێكی فێربوونی خوێندنەوە و لەبەركردنی قوڕئان و تەجوید و فەرموودە، بۆ زیاتر لە حەوت سەت فێرخواز، ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا كۆتایی بە خولەكە هێنرا و بەشداربووان بڕوانامەیان پێ دراو یەكەم تا سێیەمی سەر ئاستی خولەكەش خەڵاتی تایبەتیان پێ بەخشرا.
د. پشتیوان سرێشمەی بەڕێوەبەری ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ساڵانە خولی لەو جۆرە دەكەینەوەو لەلایەن كەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵ 22 خولمان لە ئیداری سۆران ئەنجام داوەو نزیكەی 600 تا 700 فێرخواز بەشدارییان تێدا كردووە و تەنیا لە قەزای رواندز و سۆران 18 خولمان ئەنجام داوە”.
سرێشمەیی ئەوەشی خستە ڕوو:” ساڵانە خولەكان لە وەرزی هاوین بەڕێوە دەچن، لەگەڵ دەستپێكی وەرزی خوێندن كۆتایان پێدێت، دواجار لە مەراسیمێكی شایستەدا بڕوانامە بەفێرخوازان دەدرێت، هەروەها خەڵات بەسەر پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمیش دابەش دەكرێت”.