زاری کرمانجی – تەکنەلۆژیا
لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە لەسەر مۆبایلی سامسۆنگ گالاکسی ئێس ٢٣ دەریدەخەن کە ئەم مۆبایلە تایبەتمەندییەکی نوێی هەیە کە تیایدا ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە کارەباوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە پاتری هەبێت و وزەی خۆی دابین دەکات.
تایبەتمەندی نوێی مۆبایلەکانی گالاکسی ئێس ٢٣ دەتوانێت زۆر سەرنجڕاکێش بێت بۆ هەوادارانی یارییە مۆبایلەکان. مۆبایلەکە تایبەتمەندی شەحنکردنەوەی هەیە کە بارگاویکەرەوەی ئامێرەکە کارەبای ڕاستەوخۆ دەنێرێت بۆ ئامێرەکە بە تێپەڕاندنی پاتری. ئەم تایبەتمەندییە دەتوانێت رێژەی گەرمبوونی مۆبایلەکە کەم بکاتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی 9to5google بڵاویکردۆتەوە، بەبەکارهێنانی تایبەتمەندی نوێی مۆبایلەکانی گالاکسی، ئەگەری ئەوە هەیە دابەشکردنی کارەبا لە ڕێگەی USB ڕابگیرێت. ئەم تایبەتمەندییە لە بژاردەی Game Booster دایە.
بەم تایبەتمەندییە دەتوانرێت مۆبایلەکە بەکاربهێنرێت لەکاتێکدا ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە کارەباوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە پاتری هەبێت. لەگەڵ ئەمەشدا جگە لەوەی گەرمی مۆبایلەکە کەمدەکاتەوە، دەتوانێت بۆ شەحنەکەش بەسوود بێت. کاتێک ئەم بژاردەیە لە کاتی یارییەکەدا چالاک دەبێت، بەکارهێنانەکەی لە ١٧ واتەوە بۆ ٦ وات کەم دەبێت. هەروەها ئەم تایبەتمەندییە لەگەڵ هەموو شەحنەکانی USB PD دەگونجێت.