مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی :
بەشێك لە ئێسك و پرۆسكە دۆزراوەكانی مرۆڤی نیاندرتاڵی ئەشكەوتی شانەدەر، لە مۆزەخانەی بەغداوە دەگڕێنرێنەوە هەرێمی كوردستان.
سۆران ئەمیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ساڵانی پەنجاكان ( ڕالف سولیكی ) لەگەڵ تیمێكی شوێنەوارناسی بە مەبەستی كاركردن هاتنە كوردستان، ئەو كات دەسەڵات لە دەستی حكومەتی عێراق دابوو و سەرپەرشتی شوێنەواری دەكرد و رالف سولیكیش مۆڵەتی لە حكومەتی عێراق وەرگرتبوو، بۆ لێكۆڵینەوەو هەڵكۆڵین لە ئەشكەوتی شانەدەر، لە ساڵی 1951 تا 1960 ڕالف سولیكی توانی 9 ئێسكە پەیكەری مرۆڤی نیاندرتاڵ لە ئەشكەوتی شانەدەر بدۆزێتەوە، یاسای شوێنەواری عێراق ئەو كاتە رێگەی دەدا بە تیمی نێودەوڵەتی كە لە عێراق لێكۆڵینەوە دەكەن بەشێك لەو شتانەی كە دەدۆزنەوە لەگەڵ خۆیان ببەنەوە لە مۆزەخانەكانی خۆیان بپارێزن، تاوەكوو ئێستاش بەشێكیان لە مۆزەخانەی بەغدا و بەشێكی تریان لە ئەمریكان لە مۆزەخانەی سیمسۆن پارێزراون”،
بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر دەڵێ” خۆشبەختانە ئێستا تیمی زانكۆی كامبریجی بەریتانی درێژە پێدەری كاری ڕالف سولیكی و جێگەی خۆشحاڵییە ئەو تیمەش توانی ئێسكە پەیكەری مرۆڤی نیاندرتاڵ بدۆزنەوە و تاقیكردنەوەی باش لە بارەیانەوە بكرێت و ئەنجامی دڵخۆشكەریش لە ئایندەیەكی نزیكدا رایدەگەیێنین لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی كوردستان”،
بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر ئەوەش دەڵێ:” لە ئایندەدا ئەو ئێسكە پەیكەرانە دەهێنینەوە بۆ مۆزەخانەی نیشتمانی لە هەولێر و لە بەرنامەی كاریشمان دایە لە داهاتوو لە ناو ئەشكەوتی شانەدەر مۆزەخانەیەك دروست بكەین و هەر لەوێدا ئێسكە پەیكەرە دۆزراوەكانی نیاندرتاڵ نمایش بكەین”.