شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
هۆكاری زوو هەستكردن و دەستنیشانكردنی بوومەلەرزە لەلایەن ئاژەڵەكانەوە دەتوانرێت بە ئەناتۆمی و فیزیایی ئەوان هەژمار بكرێت، توانای گیاندارەكان بۆ پێشبینیكردنی بوومەلەرزە لە رابردووی دوورەوە جێگەی سەرنجی مرۆڤ بووە، ئەم هێزە سەروو مرۆییە كە لە ئەفسانە كۆنەكاندا رەنگ دەداتەوە، ئەمڕۆ بە لێكۆڵینەوە زانستییەكان پشتڕاست كراوەتەوە، لە ئێستادا زۆرێك لە خەڵكی شارە گەورەكان ئاژەڵی ماڵی بەخێو دەكەن، بەڵام بێ ئاگان لە هێزی پێشبینی بوومەلەرزە لەم هاوەڵانەدا.
د. توانا جەلال، پزیشكی ڤێتەرنەری، لەبارەی هەستكردنی ئاژەڵان بە بوومەلەرزەوە، قسە بۆ زاری كرمانجی دەكات و چەند سەرنجێك دەخاتەڕوو و دەڵێت” زۆرجار لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئەم پرسیارانە ئاراستەی زۆرێك لە پزیشكەكان دەكرێت، كە ئاژەڵەكان هەست بە بوونی بوومەلەرزە دەكەن یاخود نا، لێرەدا ئاژەڵەكان زووتر لە مرۆڤەكان هەست بە بوونی زەوی لەرزە دەكەن وەك جورج، ماسی، باڵندە، خشووكەكان و مار، هەروەها 45% سەگەكان راستەوخۆ 31% پێش چەند كاتژمێرێك روودانی هەستی پێ دەكەن، 49% لە سەگەكان سترێس دەیانگرێت و لایەنی دەروونیان تێك دەچێت، 47% ئەكتیڤتر دەبن و هەر بۆیەش سەگەكان 7% هەست بە بوونی بوومەلەرزە دەكەن، بەڵام لەناو پشیلەكان 3% هەست بە بوونی بوومەلەرزە دەكەن، زیاتر ئەو هەستەش لە رێگەی گوێچكەكانییانەوە دەبێت.