زاری كرمانجی-سۆران:
بڕیاروایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئەندام پەرلەمانێكی پارتیش دەڵێت، پێكهاتەكان هاووڵاتی رەسەنی كوردستانن خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیانن، ئەوان ئازادن بە ج شێوازێك دەیانەوێت بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن.
وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە زاری كرمانجی گووت:” هەڵبژاردن مافی گەلە بۆ هیچ لایەنێك نییە ئەو مافە لە خەڵكی كوردستان بستێنێ، بۆیە پارتی پێداگرە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمساڵ، لاری نییە لە فرەبازنەیی هەڵبژاردن و بەكارهێنانی لیستی دەنگدەرانی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كوردستان بەڕێوەبجێت”.
سەبارەت بە كورسی پێكهاتەكان، ئەو ئەندام پەرلەمانە، دەڵێت:” پێكهاتەكان هاووڵاتی رەسەنی كوردستانن خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیانن، ئەوان ئازادن بە ج شێوازێك دەیانەوێت بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن، دەبێت لایەنە سیاسییەكان پشتگیریان بكەن، چۆن دەیانەوێت هەڵبژاردن بۆ كورسی كۆتا بكرێت یەك بازنە بێت و یان فرەبازنە بێت، لیستی دەنگدەران بە جیا بێت یان وەك پێشوو بێت، هەر پێشنیارێك پێكهاتەكان كۆدەنگی خۆیانی لەسەر بێت مافی خۆیانە، وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری رایان دەكەین”.