نوسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
بەشی سێیەم
بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی چارەسەری نەخۆشیە جۆراو جۆرەکان کراوە بەگژوگیای پزیشکی، مێژوویەکی کۆنی هەیە، هەر زوو مرۆڤ گەڕاوە بەدوای چارەسەر و خۆپاراستن لەنەخۆشیەکان و سوودیان وەرگرتووە لە گژوگیاکان بەشێوازێکی سروشتی بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانیان بەکاریان هێناوە.
هەموو گژوگیایەک بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکار نایەت، دەبێ گژوگیاکان، لێکۆڵینەوەی لەسەر کرابێت و بەبەڵگەی زانستی و بەڕێگەی تاقیگەیی سەلمێنرابێت کە گژوگیاکە پزیشکیە و بۆ مەبەستی چارەسەری نەخۆشی سوودی لێوەردەگیرێت.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش ئاماژەی بەوەداوە کە نزیکەی 80٪ دانیشتوانی جیهان چارەسەر بەگژوگیای پزیشکی وەک چارەسەرێکی پزیشکی جێگرەوەو تەواوکاری بەکار دێنن.
هەندێ گژوگیا هەیە ژەهراوین و بۆ چارەسەر بەکار نایەن، لەجۆری ڕووەکە ژەهراویەکانن، وە هەندێک ڕووەکی تر هەیە بەکارهێنانیان قەدەغەکراوە لەڕووی یاساییەوە، چونکە ماددەی سڕکەریان تێدایە، کاریگەری خراپی لە ڕووی بایلۆژی و فسیۆلۆژی دروست دەکات لەسەر جەستەی بەکارهێنەر، بۆیە ناکرێت و ناگونجێت هەر کەسێک لەلای خۆیەوە کار بکات بە گژوگیا بۆ چارەسەری نەخۆشی، وەک ئاماژەم پێکرد لەبابەتەکانی پێشوودا دەبێ، کەسانی شارەزا و پسپۆڕ کاری تێدا بکەن و بەکاری بێنن بۆ چارەسەری نەخۆشی، ئەگەرنا لەجیاتی چارەسەر کارەسات دەنێتەوە و خەڵکی بەکارهێنەر دەبنە قوربانی و پێی نەخۆش دەکەون.
گژوگیای پزیشکیش ئەگەر چارەسەرکارەکە شارەزایەکی زۆر باشی نەبێت و پزیشکی پسپۆڕ لەبواری دەرمانی گیایی بەکاری نەهێنێ و ڕێنمایی و ئامۆژگاری لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنان و خواردنی نەدا بە بەکارهێنەرەکە، ڕەنگە ئەوکەسەی بەکاری دێنێ تووشی گرفتێکی درێژخایەنی تەندروستی بکات، یان هەندێ جار ئەندامێکی لەدەست بدات و ژەهراوی ببێت و بیکوژێت.
خەڵکانێکی زۆر ڕوو لە چارەسەر بەگژوگیای پزیشکی دەکەن، بەڵام دەبێت وریابن، بڕۆنە لای کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەو بوارەدا، بۆیە ناکرێت کەسانێک بڕۆنە لای ئەو کەسانەی لەژێر ناوی دکتۆر و خەبیر و ملا و شێخ کار دەکەن و هاتوون دەستیان داوەتە ئەم بوارە پزیشکی و هەستیارە، بەناوی چارەسەری سروشتی تێکەڵە و گیراوە و کەپسول و مەرهەم بە خەڵکی دەفرۆشن، لەکاتێکدا ئەوەی ئەوان دروستی دەکەن لە تێکەڵی گیایی، گیراوەی گیایی، کەپسولی گیایی، مەرهەمی گیایی کەبەناوی چارەسەری سروشتی ئەیدەن بەخەڵکی و نەخۆش، ئەو ڕێگەیە دوورە لەبنەمای زانستی و پزیشکی، وە بگرە زۆریش ناتەندروستە، چونکە چاودێری حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بەتایبەت لێژنەکانی تەندروستی لەسەر نیە.
ئایا ئەو تێکەڵە و گیراوە و کەپسول و مەرهەمە گیاییانە، چۆن و بەچ پێوەرێک و بنەمایەکی زانستی بەرهەم هاتووە و دروستکراوە؟
کارکردن لەو بوارەدا زۆر هەستیارە و مەترسی هەیە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان، دەبێت حکومەت و لێژنە تەندروستیەکان ڕێوشوێنی تووند بگرنە بەر، ئەوەی من ئاگاردارم ئەزانم لەنزیکەوە چی دەگوزەرێت، چۆن خەڵکانێک بۆ کۆکردنەوەی پارە بازرگانی دەکەن بەجەستە و ڕۆحی خەڵکی!
عەتارەکانیش فێربوون تێکەڵ و گیراوە و کەپسول و مەرهەم دروست دەکەن و دەیدەن بەخەڵکی، ئەوەش کارەسات و مەترسیەکی ترە لەژیان و تەندروستی هاوڵاتیان، بۆیە ناکرێت و ناگونجێت چیتر خەڵکی لەڕێگەی پڕوپاگەندەی ڕیکلامی تەلەفزیۆنی و سۆشیال میدیا و بڵاوکراوەکانی تر هەڵبخەڵەتێن، تێکەڵە و گیراوە و کەپسول بکڕن بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانیان.
بەتایبەت خەڵکانێک بۆ پارە پەیداکردن و بازرگانیکردن تێکەڵ و گیراوە و کەپسول و مەرهەم دروست دەکەن بۆ دابەزاندنی کێش، قەڵەوکردنی جەستە و پێستی دەم و چاو، گەورەکردنی زەکەر(چوک) سمت و ڕان و سینگ، یان بۆ هەر مەبەستێکی تر بێت، دەرمانی گیایی بفرۆشن کاریگەری خراپ و مەترسی دەبێت لەسەر تێکچوون و لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەیان وەک جگەر، گورچیلە، پەنکریاس، دڵ، سپڵ، سیەکان…هتد
بۆیە ئەگەر ئەو کەسانەی دەرمانی گیایی دەفرۆشن شارەزا و پسپۆڕی بواری دەرمانی گیایی نەبن، نابێ دەرمانی گیایی بفرۆشن و بیدەن بەخەڵک، مەترسی و کاریگەری خراپ دروست دەکات لەسەر تەندروستیان
ئەگەر کەسێک بڵێ من ئەزموونی چەندین ساڵم هەیە لەبواری دەرمانی گیایی و وە لەباوک و باپیرانەوە بۆم ماوەتەوە، ئەو قسەیە هیچ پێوەرێکی زانستی و تەندروستی نیە! چونکە ئەو کەسە دەبێت شارەزابێ و لەو بوارەدا خوێندبێتی و خول و ڕاهێنانی کردبێت و گژوگیای پزیشکی بناسێت، کاریگەریە باش و لاوەکیەکانی بزانێ و بەڕێنمایی و بنەمای زانستی کار بکات، وە جیاوازیەکانی لەگەڵ ڕووەکە ژەهراویەکان و قەدەغەکراوەکان بزانێت و لێی شارەزا بێت، ئەگەر نا ژیانی خەڵکی دەخاتە مەترسی، وەک هەندێک کەس کە بۆ پارە پەیداکردن و دوور لەبنەمای زانستی ئەو کارە دەکەن لەپشت شاشەی لاپتۆپ و شاشەی مۆبایلەکانیان تێکەڵ و گیراوە و کەپسول و مەرهەرم یان هەر جۆرە بەرهەمێک دەفرۆشن، ئەوەش مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ژیانی هاوڵاتیان.
هاوڵاتیانی ئازیز لەکۆتایدا دەڵێم: هەر کات ویستتان دەرمانی گیایی بکڕن بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانتان ڕاوێژ بکەن بە پزیشکی پسپۆڕ بڕۆنە لای کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەبواری دەرمانی گیایی، ئەگەرنا ژیان و تەندروستیتان دەکەوێتە مەترسیەوە.