د. رێباز حاجی
پسپۆڕی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە
وەك دەزانین شێرپەنجەی كۆلۆن سێیەم باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا كە ساڵانە دەستنیشان دەكرێت، هەروەها هۆكاری مردن بە شێرپەنجە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ لە جیهاندا.
رێژەی تووشبوون لەو كەسانەی سەروو ٥٠ ساڵن روو لە كەمبوونە بەڵام بە پێچەوانەوە لە كەسانی خوار ٥٠ ساڵ، ساڵانە بە رێژەی %٢ روو لە زیادبوونە، بە پیی توێژینەوەیەك كە لە لایەن(SEER CRC registery) ئەنجام دراوە توێژەران پێیان وایە تا ساڵی ٢٠٣٠ رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی كۆلۆن بە رێژەی %٩٠ زیاد دەكات لەو كەسانەی تەمەنییان لە نێوان ٢٠-٣٤ ساڵدایە و تا ئێستا هۆكارە سەرەكییەكەی نەزانراوە.
ئەو هۆكارانەی ئەگەری تووشبون بە شێرپەنجەی كۆلۆن زیاد دەكەن چین.؟
- هۆكاری بۆماوەی بە رێژەی ٥-٦%.
- زۆر خواردنی گۆشتی سوور و خواردنە ئامادەكراوەكان.
- جگەرە كێشان.
- ئەنجامنەدانی وەرزش و كێش زۆری.
- لەو كەسانەی پێشتر تووشبوون بە شێرپەنجەی هێلكەدان و منداڵدان.
- هەوكردنی ریخوڵە inflammatory bowel disease.
چۆن ئەگەری تووشبوونمان بە شێرپەنجەی كۆلۆن كەم بكەینەوە؟ - ئەنجامدانی وەرزش و دابەزاندنی كێشی لەش.
- زیاد كردنی خواردنی سەوزە، میوە و نە كێشانی جگەرە.
- ئەو كەسانەی حەبی ئەسپرین دەخۆن بۆ هۆكاری نەخۆشی ئەگەری تووشبوونیان كەم دەبێتەوە.
- ئەنجامدانی پشكنینی پێشوەختە رێگەیەكی گرنگە لە رێگریكردن و زوو دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی كۆلۆن، ئەویش بەمانەی خوارەوە:
- ئەنجامدانی نازۆر لە رێگەی كۆم (colonoscopy, sigmoidoscopy).
- پشكنینی پیسای تایبەت بە شێرپەنجەی كۆلۆن.
هەروەها گرنگە ئەمانەش بزانین كە جۆر و كات و تەمەنی دیاریكراو پزیشكی پسپۆڕ دیاری دەكات، دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە لە قۆناغەكانی سەرەتا هۆكارن بۆ چاكبوونەوەی كەسی تووشبوو.